لە تورکیا 5,000 داواکراو دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی پێنج رۆژدا نزیکەی پێنج هەزار کەسیان دەستگیرکردووە، کە لەلایەن دادگەکانەوە داواکرابوون.
دووشەممە 13ـی ئایاری 2024، عەلی یەرلیکایا، ولە ەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە پێنج رۆژدا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی "ئابڵووقە"دا کە لە 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، چوار هەزار و 995 تۆمەتباری داواکراو لەلایەن دادگەوە، دەستگیرکران.
وەزیری ناوخۆی تورکیا روونیکردەوە، 28 تۆمەتبار زیاتر لە 10 ساڵە داواکراون، 29 تۆمەتبار زیاتر لە پێنج ساڵ، چوار هەزار و 938 تۆمەتباریش 1-5 ساڵە بە تۆمەتی جیاوازەوە داواکراون.
لەنێو تۆمەتبارە داواکراوەکاندا، 822 کەس بە تۆمەتی دزی، 424 کەس بەتۆمەتی فێڵکردن و ساختەکاری، 182 کەس بەتۆمەتی تاڵانکردن، 73 کەس بە تۆمەتی کوشتن، 118 کەس بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی، 817 کەس بەتۆمەتی بازرگانی مادەی هۆشبەر، 50 کەس بە تۆمەتی تیرۆر، 495 کەس بەتۆمەتی قاچاخچێتیی بە کۆچبەران داواکرابوون.
ئۆپەراسیۆنەکان بەهاوبەشی تیمەکانی پۆلیس، ئاسایش، جەندرمە و هەواڵگری ناوخۆ کراوە. داواکراوەکان رادەستی دادگە دەکرێن.