لە دیلۆک کەسێک هاوژینی خۆی کوشت؛ کوڕ و زاوایەکیشی بریندار کردن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای دیلۆک کەسێک بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە، هاوژینەکەی کوشت و کوڕ و زاواکەشی بریندار کردن.
 
رووداوەکە درەنگی شەو 12-05-2024 لە گەڕەکی بەلقیسی سەر بە ناوەندی پارێزگای دیلۆک روویدا. خەلیل ئۆزدەمیر (48 ساڵ) دوای دەمەقاڵێ لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی، بە تفەنگی راو تەقەی لە هاوژینەکەی، کوڕێکی و زاوایەکی کرد.
 
لە ئاکامدا هاوژینەکەی زەینەب ئۆزدەمیر (44 ساڵ)، کوڕەکەی ئیبراهیم ئۆزدەمیر (15 ساڵ) و زاواکەی هانیفی بۆزکورت (23 ساڵ) بریندار بوون. 
 
دراوسێکانی دوای ئەوەی گوێیان لە دەنگی تەقە بوو، هەواڵیان بە تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس دا. هەرسێ بریندار گواسترانەوە نەخۆشخانە و پزیشک رایگەیاند، زەینەب ئۆزدەمیر لە شوێنی رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە. دوو بریندارەکەی دیکەش خرانە ژێر چاودێریی پزیشک.
 
خەلیل ئۆزدەمیر دوای رووداوەکە راستەوخۆ خۆی رادەستی پۆلیس کرد.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای ئوموت، ساڵی 2023 سێ هەزار و 773 تاوانی کوشتن بە چەک کراوە، بەهۆیەوە دوو هەزار و 318 کەس کوژراون و سێ هەزار و 820 کەس بریندار بوون.
 
ئایهان ئاکجان، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی دەزگای ئوموت جەختی لەسەر زۆربوونی چەکی بێ مۆڵەت لە تورکیا کردەوە و گوتی، "بەرامبەر هەر چەکێکی بە مۆڵەت، 9 چەکی بێ مۆڵەت هەن. بەگشتی لە وڵاتەکەماندا 4 ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو هەیە. لە بەرامبەردا 9 هێندە چەکی بێ مۆڵەت هەیە کە مەزەندە دەکرێت ژمارەیان 36 ملیۆن چەک بێت. ئەمە بەو مانایە دێت لە هەر سێ ماڵ یەکێکیان چەکی لێیە."
 
دەزگای ئوموت جگە لە ئامارەکان، هۆشداریش لە زیادبوونی ژمارەی چەک لە تورکیا دەدات. بەگوێرەی راپۆرتەکە لە تورکیا رۆژانە 10 کەس گیانلەدەستدەدەن و 20ی دیکەش بریندار دەبن. ساڵانە چەک دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی 5 هەزار کەس.