تورکیا

کۆبوونەوەیەکی پێشووی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و کیریاکۆس میچۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان. وێنە: AP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر بانگهێشتی سەرۆککۆماری تورکیا؛ ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکوەزیرانی یۆنان سەردانی تورکیا دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئایاری 2024 فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممە 13ی ئایاری 2024 کیریاکۆس میچۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان، سەردانی تورکیا بکات. راشیگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی یۆنان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆککۆماری تورکیا بووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا، کیریاکۆس پرسەکانی پەیوەندیدار بە زانست، تەکنەلۆژیا، کشتوکاڵ، گەشتیاری، تەندروستی و لە سەرووی هەموویانەوە ئابووری لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا تاوتوێ دەکات.
لە دیدارەکەی نێوان سەرۆکوەزیرانی یۆنان و سەرۆککۆماری تورکیا، پلان دادەنرێت بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بۆ 10 ملیار دۆلار، کە ئێستا شەش ملیار دۆلارە.
بڕیارە لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی یۆنان بۆ تورکیا، ئامادەکاری بکرێت بۆ کۆبوونەوەی "کۆنسەی کاری هاوبەش" کە بەمدواییانە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە دامەزراوە.
لە کۆبوونەوەکاندا پرسەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە تاوتوێ دەکرێن.
رۆژی 7ی کانوونی یەکەمی 2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە چوارچێوەی پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ستراتیژی تورکیا - یۆنان، سەردانی ئەسینای کرد. لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆماری یۆنان و بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە کۆبووەوە.
ئەردۆغان، دوایینجار لە ساڵی 2017دا سەردانی یۆنانی کرد.
ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا، مێژوویەکی کۆنی هەیە، چەند جارێک گەیشتووەتە پێکدادانی سەربازی. ناکۆکییەکانی ئەو دوو وڵاتە، سیاسی، ئابووری و چەندین رەهەندی دیکەیان هەیە. دوایینیان، بڕیاری هەردوو وڵات بوو بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوە سروشتییەکانیاندا لە دەریای سپی ناوەڕاستدا. گۆڕینی ناسنامەی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردەوە. بەڵام بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات، سەرەتای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بوو، دوای ئەوەی یۆنان تیمێکی گەورەی فریاگوزاری ناردە شارە زیانبەرکەوتووەکانی باکوور و تورکیا. سەرباری سووتانی دارستانەکانی 11 پارێزگای گەشتیاریی لە هاوینی ئەمساڵدا، تورکیاش بە دوو فڕۆکە و چوار هێلیکۆپتەر و تیمێکی گەورەی ئاگرکوژاندنەوە، هاوکاری یۆنانی کرد بۆ کوژاندنەوەی دارستانەکانی ئەسینا.
لەدوای جیابوونەوە و سەربەخۆبوونی یۆنان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی 1832، هیچ کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا جێگیر نەبووە، ئەو دوو وڵاتە لە مێژووی خۆیاندا چوار جار بەشەڕ هاتوون:
جەنگی تورکیا - یۆنان ساڵی 1897
جەنگی بەلقانی یەکەم ساڵی 1912
جەنگی یەکەمی جیهانی 1914-1918
جەنگی دووەمی یۆنان - تورکیا 1919 - 1922
لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو باشی چوون، هەردوو وڵات لە ساڵی 1952 بوونە ئەندامی ناتۆ، بەڵام جارێکی دیکە و ماوەیەکی کەم پاش ئەو ماوە باشییە، ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر دوورگەی قوبرس و دەرکردنی یۆنانییەکان لە تورکیا لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا پەرەی سەند، لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوانیان لە 1974 بە کۆنترۆڵکردنی باکووری قوبرس لەلایەن تورکیاوە کۆتاییهات، تاوەکو ئێستاش دەسەڵاتداریی بەسەر ئاوی ئیجە، خاڵێکی گەورەی ناکۆکی نێوان هەردوو وڵاتەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ