رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەبارەی تویتەکەی کەمال كڵچدارئۆغڵو کە گوایە رووسیا دەستوەردانی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیادا کردووە، گوتی: "نامانەوێت رووسیا و رۆژئاوا دەستوەردان لەم هەڵبژاردنانەدا بکەن".
رۆژی شەممە، 13ـی ئایاری 2023، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی تورکیادا، وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە. سەبارەت بە تویتەکەی کەمال كڵچدارئۆغڵو کە گوایە رووسیا دەستوەردانی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا کردووە، گوتی: "دروستکردنی تۆمەت بۆ ئەو وڵاتە کارێکی ناداپەروەرانەیە. ئێمە نامانەوێت رووسیا و رۆژئاوا دەستوەردان لەم هەڵبژاردنانەدا بکەن. لە کۆتاییدا روون و ئاشکرایە کە دەبێت گەلەکەمان بڕیار بدات".
چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە کشانەوەی تورکیا لە سووریا بەبێ دابینکردنی سەقامگیریی هەمیشەیی، مەترسییەکی جیدی لەسەر یەکپارچەیی سنووری سووریا و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەبێت. ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی نەخشەڕێگایەکدا کاری لەسەر بکرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی تورکیا و یۆنان دا و رایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات، کەشێکی ئەرێنی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروستبووە، "مانەوەی ئەم کەشە لە کاتی هەڵبژاردنەکانیشدا، پەیامێکی زۆر گرنگە."
چاوشئۆغڵو جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان کردەوە بۆ ئەوەی ئەو کەشە ئەرێنییەی کە دروست بووە بەردەوام بێت و راشیگەیاند، پێویستە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە کێشەکانی نێوانیان لەگەڵ یۆنان چارەسەر بکەن.
لەبارەی لەبەرکردنی ئێلەگی گوللـەنەبڕ لەلایەن کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانی میللـەت و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵەوە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگای سامسون، مەولوود چاوشئۆغڵو گوتی: "ئەم رەفتارانە بۆ تێکدانی سیمای وڵات دەکرێن، دەیانەوێت بەمجۆرە هەنگاوانە پەیامی خراپ بۆ ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا بنێرن بەوەی کە گوایە لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ئێمەدا ئارامی نییە. بەڵام خەڵک چاوکراوەیە و بەمجۆرە یارییانە هەڵناخەڵەتێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ