رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا جەنجاڵییەکانی ئیستەنبووڵ زیاتر دەبن، ئەمەش بەڕوونی لە گۆڕەپانی تاکسیم، کە بەناوبانگترین گۆڕەپانی شارەکەیە دەبینرێت و بەشێکی هاووڵاتییانی ئەو شارەش ترسیان لە دروبوونی گرژی هەیە لە ئەگەری دۆڕانی ئەردۆغان.
لە هەموو کوچە و کۆڵان و بازاڕەکانی ئیستەنبووڵ باس باسی هەڵبژاردنە و بەشێکی خەڵک پشتیوانی لە رەجەب تەییب ئەردۆغان دەکەن و بەشێکیشیان لە کەمال کڵچدارئۆغڵو.
جان توران، کاسبکارە لە ئیستەنبووڵ، دەڵێ "من هەدەپەییم، یەسەپەییم! بەڵام چونکە هەدەپە گوتوویەتی، دەنگ بە جەهەپە دەدەین. ئەمساڵ دەیبەینەوە".
سینان یاشار، کاسبکارێکی دیکەیە و باسی ئەوە دەکات "کڵچدارئۆغڵو دیسان تەڵەکەبازی کرد. لە رێگەی تۆمارێکەوە پاشەکشەی بە بەربژێرێکی سەرۆککۆماری کرد، بەڵام دەنگەکانی موحەڕەم ئینجە بۆ رەجەب تەییب ئەدۆغان دەچن".
بەشێکی هاووڵاتیان لە ئیستەنبووڵ، ئەگەری شکستی ئەردۆغان بە مەترسی بۆ سەر تورکیا ناودەبەن.
نەڤین تۆی، فەرمانبەرە لەو شارە و دەڵێ "پێویستە خاوەنداریی ئەم دەسکەوتانەمان بکەین. لەو باوەڕەدا نیم مێزی شەش قۆڵی یانیش بەڕێز کڵچدارئۆغڵو، رێز لە دەستکەوتەکانی وڵات بگرێت و خاوەندارییان بکات".
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ترس و دڵەڕاوکێ سەبارەت بە دروستبوونی گرژی هەیە، بەتایبەتی لە ئەگەری شکستهێنانی ئاکپارتی و رەجەب تەییب ئەردۆغان.
قوتبەدین بوداک، کاسبکار ترسی لە ئەنجامی هەڵبژاردن ناشارێتەوە و دەڵی "ئێستا بە تەواوەتی دەستە تاریکەکان و هێزەکانی تاریکی لە سەر هێڵن. دەکرێ هەر شتێک رووبدات کە رووش دەدات. هەڵبژاردنێکی خوێناوی لەڕێیە".
ئەمە لەکاتێکدایە؛ شەوی رابردوو ئەردۆغان لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، ئەوان رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن دەگرن و گوتی؛ کاتێک شارەوانییەکانی ئەنقەرە و ئیستەنبووڵیان لەدەستدا، رادەستی ئۆپۆزسیۆنیان کرد و هیچ کات لە دیموکراسی لانادەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ