رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە نامەیەکیدا بۆ پاپا فرانسیس نووسیویەتی: نابێت مرۆڤایەتی رێگە بە پێشێلکردنی زیاتری یاسا نێودەوڵەتییەکان بدات.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دۆخی فەلەستین نامەیەکی ئاراستەی پاپا فرانسیس، پاپای کەنیسەی کاسۆلیکی و سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکان کردووە، تێیدا نووسیویەتی "نابێت مرۆڤایەتی رێگە بە پێشێلکردنی زیاتری یاسا نێودەوڵەتییەکان بدات."
ئەردۆغان دەڵێت "پێویستە مرۆڤایەتی دەنگی خۆی دژ بە بۆردوومانی نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت و کەنیسەکان هەڵبڕێت. لە دۆخی جەنگیشدا، نابێت دەست بۆ ئەو شوێنانە ببەن."
لە نامەکەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها جەختیکردووەتەوە لەوەی تا ئەو کاتەی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل بە شێوەیەکی دادپەروەرانە چارەسەر نەکرێت، ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدی نایەت.
شەش مانگ پێش ئێستا و لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 هێرشی ئیسرائیل، دوای هێرشی حەماس بۆ سەر چەند ناوچەیەکیان، دەستیپێکرد. لە مانگەکانی رابردوودا سەرنجی ئیسرائیل لەسەر باشووری غەززە بووە. زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتیی غەززە ئاوارەی شاری رەفەح بوون، کە نزیکە لە سنوورەکانی میسرەوە.
بەپێی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر حەماس زیاتر لە 250 کەسی لە ناوچەکانی ژێر دەستی ئیسرائیل بە دیل گرت و زیاتر لە هەزار و 200 سەرباز و هاووڵاتیی ئیسرائیلیشی کوشت.
تاوەکو ئێستاش بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، بەپێی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 33 هەزار فەڵەستینی کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ