وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی نزیکەی 3000 داواکراو رادەگەیێنێت

13-04-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی چوار رۆژدا نزیکەی 3000 کەسیان دەستگیر کردووە، کە لەلایەن دادگەکانەوە داواکرابوون.
 
ئەمڕۆ شەممە 13ی نیسانی 2024 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە چوار رۆژدا و لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی "ئابڵووقە"وە، کە لە 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، 2756 تۆمەتباری داواکراو لەلایەن دادگەوە، دەستگیرکران.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا روونیکردەوە، شەش تۆمەتبار زیاتر لە 10 ساڵە داواکراون، 14 تۆمەتبار زیاتر لە پێنج ساڵە و 2736 تۆمەتباریش 1 بۆ 5 ساڵە بە تۆمەتی جیاوازەوە داواکراون.
 
لەنێو تۆمەتبارە داواکراوەکاندا، 456 کەس بە تۆمەتی دزیکردن، 228 کەس بە تۆمەتی فێڵکردن و ساختەکاری، 96 کەس بە تۆمەتی تاڵانکردن، 30 کەس بە تۆمەتی کوشتن، 75 کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی، 398 کەس بە تۆمەتی بازرگانیی مادەی هۆشبەر، 19 کەس بە تۆمەتی تیرۆر و 316 کەس بەتۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران داواکراوبوون.
 
راشیگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکان بە هاوبەشی تیمەکانی پۆلیس، ئاسایش، جەندرمە و هەواڵگریی ناوخۆ لە ماوەی چوار رۆژدا دەستگیرکران و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و نوێکردنەوەی دۆسێکانیان، رادەستی دادگە دەکرێن بۆ سزادانیان.
 
ئەم ئۆپەراسیۆنانەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە دژی تۆمەتبارە داواکراوەکان ئەنجامی دەدات، بەپێی بەرنامەیەکی تایبەتی مانگانە لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی وەزارەتەکەوە بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە