رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەنتاڵیای تورکیا، کابینەیەکی تەلەفریک کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون. پرۆسەی رزگارکردنی گیرخواردووەکانی نێو کابینەکانی دیکەی تەلەفریکەکەش بەردەوامە.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی هەینی، 12ـی نیسانی 2024، لە بەرزاییەکانی شاخی تونەکتەپە لە هەوارگەی ساریسوو سەر بە پارێزگای ئەنتاڵیا روویدا.
یەکێک لە زنجیرە ستوونەکانی هێڵی تەلەفریکەکە بە هۆکارێکی نادیار شکا و بەهۆیەوە 184 گەشتیاری ناو 25 کابینەی تەلەفریک لە ئاسمان گیریانخوارد.
یەکێک لە کابینەکان کە هەشت گەشتیاری تێدابوو و لە ستوونە شکاوەکەوە نزیک بوو، دوای ئەوەی چەند جارێک خۆی بە ستوونەکەدا کێشا، کەوتە خوارەوە.
بەهۆی تێکشکانی ئەو کابینەیەوە، یەکێک لە گەشتیارەکان دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و حەوت گەشتیارەکەی دیکەش کە دووانیان منداڵ بوون، لە بەرزاییەکی زۆرەوە کەوتنە نێو دامێنی شاخەکە و سیانیان بە سەختی برینداربوون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، حەوت هێلیکۆپتەر، فڕۆکەیەکی کارگۆی سەربازیی، شەش درۆن و 108 ئەمبوڵانسیان ناردووەتە شوێنی رووداوەکە و 543 کارمەندی فریاگوزاری لە بەرزاییەکاندا لە هەوڵی رزگارکردنی گەشتیارەکاندان.
ئەوەشی راگەیاندووە، لە 15 کابینەی تەلەفریکدا توانیویانە 98 گەشتیار لە ئاسمانەوە رزگار بکەن و دەستبەجێ رەوانەی نزیکترین نەخۆشخانەیان کردوون. پرۆسەی رزگارکردنی 86 گەشتیاری نێو 10 کابینەی تەلەفریکەکە بەردەوامە.
لەبارەی دۆزینەوەی ئەو حەوت بریندارەی کە کەوتوونەتە شوێنێکی سەختی نێو دامێنی شاخەکەوە، عەلی یەرلیکایا ئەوەشی خستەڕوو کە تیمەکان کاردەکەن بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنیان.
ئەو شوێنەی بریندارەکانی لێن، زۆر سەختە و هیچ رێگە و پێچەیەک ناگاتە شوێنەکە، بۆیە تیمەکان پێویستیان بە کاتی زیاترە بۆ رزگارکردنیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ