وەزیرانی دەرەوەی میسر و تورکیا لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی میسر سەردانی تورکیا دەکات و لە ئەنقەرە لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی کۆدەبێتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، سەمیع شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی نیسانی 2023 لەسەر بانگهێشتی مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە چوارچێوەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی میسر بۆ تورکیا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکرێن.
 
دوای کۆبوونەوەیان، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لە کاژێر 18:00 کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دەکەن و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان دەدەنەوە.
 
دوای بوومەلەرزەکانی 6ی شوباتی ئەمساڵ کە لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان روویدا، رۆژی 27ی شوبات وەزیری دەرەوەی میسر بە مەبەستی دەربڕینی هاوسۆزی و سەرەخۆشی سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە. هەروەها میسر هاوکاریی مرۆیی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە نارد.
 
چاوشئۆغڵو لەسەر بانگهێشتی هاوتا میسرییەکەی رۆژی 18ی ئادار بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە میسر. بەمەش دوای 11 ساڵ بووە یەکەم وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی میسر بکات.