ئەردۆغان: ئۆجەلان و دەمیرتاش ئازاد ناکرێن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رەتیدەکاتەوە دەرکردنی لێبووردنێكی گشتی لە بەرنامەیاندا هەبێت و لە دوای هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری ئەمساڵ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە ئازاد بکەن. 
 
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا شەوی چوارشەممە (12ـی نیسانی 2023) لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵی (سی ئێن ئێن تورک و کەناڵ دی)ـی تورکی کە لە کۆشکی چانکایا بەڕێوەچوو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە دەرکردنی لێبووردنی گشتی و ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوای هەڵبژاردن دەکەن گوتی "ناتوانین بەڵێنێکی لەو شێوەیە بدەین بۆ ئەوەی لە دەوڵەتێکی یاساییدا دەنگ بەدەستبهێنین. ئەمە بەپێی ئەخلاقی دەوڵەتی یاسایی نییە. شتێکی لەو جۆرە نابێت، بەڵام ئەگەر لە ئۆپۆزیسیۆن بپرسن، دەبێت. ئەوان سەبارەت بە سەرۆکی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لێدوانیان دا و لەبارەی سەلۆ ـش (سەڵاحەدین دەمیرتاش) لێدوانیان دا. پاڵپشتی لە قەندیل وەردەگریت و دەچێتە هەڵبژاردن. لە کتێبەکەماندا شتێکی وا نییە. ئازادی بۆ ئۆجەلان نابێت".
 
ئەردۆغان باسی پەیوەندیی هەدەپە و مێزی شەش حیزبی کرد، کە هاوپەیمانیێتییەکی ئۆپۆزیسیۆنە و بگوتی: "هەدەپە بە دەستنیشاننەکردنی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، پیشانی دا کە شەریکێکە لەسەر مێزەکە. لە کۆبوونەوەی هەدەپە و جەهەپەدا باسی چی کرا؟ لەوێ موزایەدەیەک کرا. ناتوانن روونی بکەنەوە. میللەتەکەم پشتگیری ئەو کەسانە ناکات کە هیوا بە تیرۆریستان دەبەخشن. بۆچی جەهەپە لە پەرلەمان سەردانی هەدەپەی کرد؟ لەو کۆبوونەوەیەدا لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە چییان گوت؟".
 
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی کردەوە، لە سایەی سیستەمی نوێی بەڕێوەبردن لە تورکیا هەنگاوی گرنگیان ناوە لە بەرەنگاربوونەوەی کارەسات و تیرۆر، هەروەها دوودڵ نابن لە راستکردنەوەی کەموکوڕییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان. 
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەدایکبووی ساڵی 1948ـە و دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەیە، لە ساڵی 1999ـەوە لە زینداندایە، هەروەها سەڵاحەدین دەمیرتاش لە چواری تشرینی یەکەمی 2016، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکرا.