پاسەوانێکی ئەردۆغان بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی سەردانیکردنی بۆ مێردینی باکووری کوردستان، ئۆتۆمبێلێکی کاروانی پاسەوانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو، بەهۆیەوە پاسەوانێکی بەناوی فورات دەر گیانی لەدەستدا و دوو پاسەوانی دیکەشی بریندار بوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و ناساندنی بەربژێرەکانی پارتەکەی لە شرنەخ، سەردانی شارۆچکەی ئیدیلی کرد.
دوای تەواوکردنی رێوڕەسمەکە، بەرەو مێردین بەڕێکەوت و لە رێگەی چوون بۆ مێردین، لەسەر رێگەی سەرەکیی جزیرێ – نسێبین، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی کاروانی پاسەوانەکانی ئەردۆغان وەرگەڕا.
لە ئەنجامدا پاسەوانێکی بەناوی فورات دەر دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا و دوو پاسەوان و کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکان، تەندروستیی یەکێک لە پاسەوانە بریندارەکان ناجێگیرە و لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی گشتیی شارۆچکەی جزیرێ چارەسەر وەردەگرێت.