ئەردۆغان داوا دەکات خەرجیی زۆر بە زاوا نەکرێت

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە پرۆگرامی 'ساڵی خێزان'دا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، قەرزی خێزان و منداڵبوون کە لە ناوچەی بوومەلەرزە دەدرا، لەمەودوا لە هەر 81 پارێزگادا جێبەجێ دەکرێت. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە بەشداریی لە پرۆگرامی ساڵی خێزاندا کرد کە تێیدا ساڵی 2025 بە ساڵی خێزان ناسێندرا. 
 
لە گوتارێکیدا ئەردۆغان باسی لەوە کرد، قەرزی تایبەت بە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و منداڵبوون بەرزکراوەتەوە و گوتی:"لەکاتی هەڵبژاردنەکانی 14 و 28ی ئایاردا بەڵێنی 'سندووقی خێزان و گەنج'مان دابوو و ساڵی رابردوو لە ناوچەی بوومەلەرزە دەستمان پێکرد. لەڕێی ئەو سندووقەوە بڕی 150 هەزار لیرە قەرز بەو گەنجانە دەدرێت کە ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن. دوای دوو ساڵ ئینجا دانەوەی قەرزەکە دەستپێدەکات و بە ماوەی 48 مانگ دەدرێتەوە. ئەو قەرزە بەبێ سوودە. ئێستا ئەمە زیاتر بەرەوپێش دەبەین؛ ئەو قەرزە بێسوودە لە هەر 81 پارێزگادا جێبەجێ دەکەین".
 
بڕی 150 هەزار لیرەی تورکی دەکاتە نزیکەی 4 هەزار و 200 دۆلار. 
 
ئەردۆغان: ژن و مێردە تازەکان دەکەونە ژێر گوشاری خەرجیی زۆر
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها بە پێویستی زانی ماڵی بوک گوشار لەسەر زاوا دروستنەکەن. هەروەها رووی دەمی کردە ماڵباتەکان و داوایکرد لەو بابەتەدا خەرجییەکان کەم بکەنەوە. 
 
ئەردۆغان هاوکات رایگەیاند، پڕ بەرەکەتترین ژیانی هاوژینی ئەوەیە کە بە کەمترین خەرجی پێکبهێندرێت و گوتی:"بە روونی دەڵێم، گەنجانمان دەترسن لە پێکهێنانی لانەی ژیان و سڵی لێ دەکەنەوە، هێشتا لەسەرەتای رێگەکەن، بێهیوا دەبن. ئەوانەی ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن، زوو دەکەونە ژێر خەرجیی زۆرەوە. ئەو ژن و مێردانەی تازە چوونەتە نێو ژیانی هاوژینییەوە، هاوڕێک لەگەڵ راهاتنیان لەو قۆناخە نوێیەدا، دەکەونە ژێر گوشاری خەرجییە مادییەکانیش. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زوو جیابوونەوەی ژن و مێردان، خەرجیی ئەو شتانەن کە ئەگەر نەشبن ئاساییە". 
 
هاوکاریی تایبەت بە هاوژینانی تازە و منداڵبوون دەدرێت
 
هەر بەگوێرەی گوتەکانی ئەردۆغان، لەمەودوا حکومەتی تورکیا بۆ ئەو گەنجانەی ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن نزیکەی 140 دۆلار، بۆ یەکەم منداڵیش هەمان بڕ وەکو هاوکاری دەداتە هاووڵاتیان.
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، هاوکاریی منداڵی یەکەم لەلایەن حکومەتەوە کە یەکجار دەدرێت، لەمەودوا 5000 لیرە دەبێت، کە دەکاتە نزیکەی 140 دۆلار.
 
هاوکات بۆ منداڵی دووەم مانگانە 1500 لیرە (نزیکەی 40 دۆلار)، هەروەها بۆ منداڵی سێیەم و زیاتریش، مانگانە 5000 لیرە دەدرێت. تەواوی ئەو بڕەپارانە مانگانە دەخرێنە سەر هەژماری بانکیی دایکان.
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها بەڵێنی دا لە داهاتووێکی نزیکدا ئاسانکاریی جۆراوجۆر بۆ بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵان دەکەن. هاوکات داوای لە خەڵک کرد، لانی کەم سێ منداڵ بخەنەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە