ئاکپارتی: لە نزیک سنوورەکانمان هەوڵی جێبەجێکردنی پرۆژەی ئیمپریالیستەکان دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، لە نزیک سنوورەکانی تورکیادا هەوڵی جێبەجێکردنی پرۆژەی ئیمپریالیستەکان دەدرێت و وڵاتەکەی بەردەوامە لە نیشاندانی هەڵوێستی دژ بەو هەوڵانە.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتەکەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد.
کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتیی ئاکپارتی رۆژی دووشەممە، 13-1-2025، لە ئەنقەرە بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا بەرێوەچوو.
سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و هەسەدە، عومەر چەلیک گوتی: "لەکاتێکدا پارێزگاری لە ئاسایش و مافی وڵاتەکەمان و هاووڵاتیانمان دەکەین، هاوکات هەڵوێستمان بەهێزدەکەین، لە دژی جێبەجێکردنی زنجیرەیەک پرۆژەی ئیمپریالیستەکان لەڕێی تیرۆرەوە، لە دژی ئێمە و لە نزیک ناوچەکانمان. بێگومان زۆر جار رامانگەیاندووە تیرۆر تەنیا گوزارشت لە تیرۆرستان ناکات، هەوڵی جێبەجێکردنی پرۆژەیەک لە چوارچێوەی تیرۆر دەدرێت، هەروەها تیرۆرستان و رێکخراوە تیرۆرستییەکانیش بوونەتە کەرەستەی زنجیرەیەک پرۆژەی خراپ و خراپەکاری، ئێمە چەندینجار ئەمەمان گوتووە".
پێشتر ئەنقەرە لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆن بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکراست (هەسەدە) مەرجی دەرچوونی تەواوی کادیران و ئەوانەی پەیوەندیدارن بە پەکەکە لە سووریای داناوە و هۆشداریی داوە.