قەییووم بۆ شارەوانیی ئاکدەنیزی دەم پارتی دانرا
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییووم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی ئاکدەنیز سەر بە پارێزگای مەرسینی تورکیا دانرا، کە دەم پارتی لە هەڵبژاردنەکاندا بردیەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2025 وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بڕیاری دانانی قەییوومی بۆ شارەوانیی شارۆچکەی ئاکدەنیزی سەر بە پارێزگای مەرسینی تورکیا بڵاوکردەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە رۆژی 31ی ئاداری 2024 کرا، دەم پارتی 47.84%ی دەنگەکانی شارەوانیی شارۆچکەی ئاکدەنیزی بردەوە و هۆشیار ساریڵدز بە سەرۆکی شارەوانییەکە هەڵبژێردرا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، "هۆشیار ساریڵدز لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە، بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی، دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ رێکخراوی تیرۆریستی و بەشداریکردن لە خۆپێشاندان و گردبوونەوەی نایاسایی بەپێی یاسای ژمارە 2911 دەستگیر کرا و کەیسەکەی رەوانەی یەکەمین دادگەی سزاکانی مەرسین کرا."
وەک وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، "بەهۆی کۆتاییهاتن بە دۆسیەی لێکۆڵینەوە و دادگەییکردنی، بەپێی مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی هۆشیار ساریڵدز لە ئەرکی سەرۆک شارەوانی؛ هەروەها بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان بڕیاردرا بە دانانی زەید شەنەر، قایمقامی شارۆچکەی ئاکدەنیرز وەک سەرۆک شارەوانیی بەوەکالەت."
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2025 بە بڕیاری دادوەر، سەرۆک شارەوانیی ئاکدەنیز و چوار ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکەی دەم پارتی لە پارێزگای مەرسین زیندانی کران.