ئەردۆغان: ئەو بەڵگانەی پێشکێشی دادگەی لاهای کراون بەسن بۆ دادگەییکردنی نەتانیاهوو

13-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی پێشکێشکردنی چەندین بەڵگەنامە دەکات بۆ دادگەی دادی نێودەوڵەتیی لە لاهای و دەڵێت، "ئەم بەڵگەنامانە بەسن بۆ دادگەییکردنی ئیسرائیل و نەتانیاهوو". 
 
رۆژی 12ـی کانوونی دووەمی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، دوای نوێژی هەینی لە مزگەوتی (حەزرەتی عەلی) لە ئیستەنبووڵ، بۆ راگەیاندکارانی وڵاتەکەی قسەیکرد و سەبارەت بە دانیشتنی ئەو دۆسیەیەی کۆماری ئەفریقای باشوور لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی کە دژ بە ئیسرائیل کردوویەتییەوە لەسەر "پێشێلکارییەکانی لە غەززە" بەرامبەر بەڵێننامەی کۆمەڵکوژیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوا.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "ئیسرائیل دەستیان بە بەرگریکردن کردووە، نازانم چۆن بەرگری دەکەن، بەڵام هەموو ئەو بەڵگانەی پێشکێشمانکردوون، بەواتایەکی جیدی لە لاهای بەکاردەهێندرێن".
 
ئەردۆغان گوتیشی، "زۆربەی ئەو بەڵگانەی ئێمە رادەستمان کردوون دیمەن و ڤیدیۆی تۆمارکراون، باوەڕمان بە دادپەروەری دادگەی لاهای هەیە و پێمانوایە ئیسرائیل بەم بەڵگانە سزا دەدرێت. هەروەها ئەو بەڵگانە بەسن بۆ دادگەییکردنی ئیسرائیل و نەتانیاهوو."
 
لەبارەی هەڵوێستی سەرۆکی ئیسرائیل، ئەردۆغان گوتی، "لەم خاڵەدا سەرۆککۆمار هێرزۆگم زۆر لە کەشێکی دۆستانەتردا دەبینی، بەڵام لەم دواییانەدا ئەویش لاسایی نەتانیاهووی کردەوە و دەستی بە لێدوانی زۆر جیاواز کرد."
 
لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی لە شاری لاهای هۆڵەندا، دانیشتنێک لەبارەی سکاڵایەکی ئەفریقای باشوور بەڕێوەدەچێت کە تێیدا ئیسرائیل بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی غەززە تۆمەتبار دەکات.
 
دادگەییەکە دوێنێ پێنجشەممە دەستیپێکرد و هەینیش بەردەوام بوو، رۆژی پێنجشەممە تایبەتکرا بە لایەنی ئەفریقای باشوور و رۆژی هەینیش بۆ لایەنی ئیسرائیل؛ هەرچەندە لە دەرەوەی دادگە بەرپرسانی ئیسرائیل تۆمەتەکانی ئەفریقای باشووریان رەتکردووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە