کوڕی سەرۆککۆماری سۆماڵ لە ئیستەنبووڵ بە ئۆتۆمبێل لە کەسێک دەدات بۆ وڵاتەکەی هەڵدێت

رووداو دیجیتاڵ

لە کامێرای چاودێرییەوە دیمەنێک لە سەر شەقامێکی ئیستەنبووڵ تۆمارکراوە، تێیدا شۆفێری ئۆتۆمبێلێک خۆی بە کارمەندێکی گەیاندندا دەکێشێت، ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە لێدەخوڕێت، کوڕی سەرۆککۆماری سۆماڵە و بەبێ دەستگیرکردن گەڕایەوە وڵاتەکەی.
 
یونس ئەمرە گۆچەر، لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا، کوڕەکەی سەرۆککۆماری سۆماڵیش بێ ئەوەی دەستگیربکرێت، گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی، ئەمە کاردانەوەی کارمەندانی گەیاندنی لێکەوتەوە و داوای مافی هاوپیشەکەیان و سەلامەتیی خۆیان دەکەن.
 
کارمەندێکی گەیاندن دەڵێ "ئێمە، دەڵێین ئیدی نامانەوێت بمرین! لە رێگەکاندا ئاگادارمان بن. پێویستە چی زووە وەزیرانی پەیوەندیدار بەم پیشەیەی ئێمە کارێک بکەن."
 
هاوژینی یونس ئەمرە گۆچەر دەڵێت: تاوانبار بە بەرچاوی دوو پۆلیسەوە رۆیشتووە و هەوڵی پەردەپۆشکردنی تاوانەکە دەدرێت، باسی دوای رووداوەکە دەکات و دەڵێ "ئەو دوو پۆلیسە هاتوونەتە بەردەم نەخۆشخانەش. بە هاوڕێکانی ئەمرەیان گوتووە 'سەرەتا ماتۆڕەکە خۆی بە شۆستەدا کێشاوە. دواتریش خۆی خستووەتە ژێر ئۆتۆمبێلی کۆنسوڵخانە'. هاوڕێکانیشی گوتوویانە 'هێشتا ڤیدیۆ نییە، چۆنتان زانی؟' پۆلیسەکان گوتوویانە 20 ساڵە پۆلیسن و کەس ناتوانێت فێریان بکات."
 
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کاتێک لە پەرلەمان پرسیاری لەبارەی ئەم دۆسیەیە لێکرا، گوتی؛ هاوڕێیان رۆژەڤی ئێمە فەلەستینە!
 
سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رۆژی سێشەممە سەردانی ماڵباتی یونس ئەمرەی کرد و رەخنەی لە بەرپرسانی حکومەتی تورکیا گرت بەوەی لەم بابەتەدا بێدەنگن.
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە گوتی "بۆچی یەک وشە ناڵێن؟ پرسیار لە وەزیری داد دەکرێت، دەڵێت 'رۆژەڤمان فەلەستینە'. هەموومان دڵمان بۆ فەلەستین دەسووتێت. باشە ئێوە دڵتان بۆ یونس ئەمرە گۆچەر ناسووتێت؟ رۆژەڤ بۆچی تەنیا فەلەستین بێت؟"

 

یونس ئەمرە گۆچەر کوڕێک و کچێکی دوای خۆی جێهێشت کە یەکێکیان ئۆتیزمە و پێویستی بە چارەسەری بەردەوامە. هاوژینەکەشی داوای دەستگیرکردنی تاوانبارەکە دەکات.