هاوسەرۆکی دەبەپەی ئیسلاحیە دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراسییەکانی شارۆچکەی ئیسلاحیەی سەر بە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان دەستگیرکرا.
تیمەکانی فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگای سەمسوور ئەمڕۆ (سێشەممە، 12-12-2023) لە سەر بڕیاری سەرۆکی داواکاری گشتیی سەمسوور ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنی زێکی ماناس، هاوسەرۆکی دەبەپە لە ئیسڵاحیە دەستپێکرد. بڕیارەکە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەرکراوە.
زێکی ماناس، گەیێندرایە فەرماندەیی جەندرمەی سەمسوور و دوای ئەوەی گوتەی لێوەرگیرا، رەوانەی دادگەی سەمسوور کرا.
لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە "بیانووی پەکەکە" خەڵکی سڤیل و سیاسەتمەدارانی کورد دەستگیر دەکەن، بەڵام زۆربەی ئەوانەی دەستگیر دەکرێن، دەڵێن، ئەندام و لایەنگری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ـن.