پەرلەمانتارانی هەدەپە داوای پەروەردە بە زمانی دایک لە تورکیا دەکەن

12-12-2022
هەوار ئیسماعیل
دانیشتنێکی پەرلەمانی تورکیا
دانیشتنێکی پەرلەمانی تورکیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆکان لەبارەی رەشنووسی بودجەی 2023 بەردەوامن. رۆژی یەکشەممە 11-12-2022 گفتوگۆ لەبارەی بودجەی وەزارەتی پەروەردە کرا؛ بەڵام پەرلەمانتارانی هەدەپە داوایان کرد قەدەخەی سەر پەروەردە بە زمانی دایک لاببرێت.
 
پەرلەمانتارانی هەدەپە داوا دەکەن قەدەخەی سەر پەروەردە بە زمانی دایک لە تورکیا لاببرێت. کەمال بولبول، پەرلەمانتاری هەدەپە دەڵێت، "بۆچی بە زمانی دایک پەروەردە نییە؟ لە ساڵی 2021 - 2022، لە چارەکی یەکەمی سەدەی 21دا بۆچی پەروەردە بە زمانی دایک قەدەخەیە؟ بڕوانن، ئەمە تاوانە. نەبوونی پەروەردە بە زمانی دایک تاوانە. کاتێک دەڵێین قەدەخەیە، هەڵبەت لە شەقام قسەی پێ دەکرێت، بەڵام لە فەرمانگەکاندا قەدەخەیە؛ لە کەرتی پەروەردەدا قەدەخەیە."
 
بۆ بەیاساییکردنی پەروەردە بە زمانی دایک، تورکیا پێویستی بە گۆڕانکاریی ریشەییە، لە سەروویانەوە گۆڕینی بنەما سەرەکی و نەگۆڕەکانی دەستوور، چونکە لە دەستووری تورکیادا هاتووە، "هەموو هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە تورک و تورک زمانە."
 
ئیمام تاشچیئەر، پەرلەمانتاری هەدەپە دەڵێت، "ئێستا بەپێی دەستوور لە تورکیادا کورد نییە، نەناسراوە. مادەی سێی دەستوور و مادەی 42ی دەستوور راشکاوانە ئاماژەیان بەوە داوە. لە ماوەی 20 ساڵی دەسەڵاتیدا، ئاکپارتی هێشتا پارێزگارییان لێ دەکات."
 
جەهەپە کە گەورەترین فراکسیۆنی ئۆپۆزیسیۆنە لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، کاتێک چوونە دەسەڵات، مافی پەروەردە بە زمانی دایک بۆ هەموو تاکێک لەو وڵاتەدا دەستبەر دەکەن.
 
یڵدرم کایا، پەرلەمانتاری جەهەپە دەڵێت، "بۆ هەموو کەسێك، پەروەردەیەکی سێکیولاری، زانستی، دیموکراسی، تێکەڵاو، بە خۆڕایی و زمانی دایک پێشکێش دەکەین."
 
لە گفتوگۆکاندا ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، ئەوە بوو کە وەزیری پەروەردەی تورکیا وەڵامی سەرجەم ئەو رەخنانەی دایەوە کە لە وەزارتەکەی گیرا، بەڵام بە هیچ شێوەیەک باسی پەروەردەی بە زمانی دایک نەکرد.
 
لە تورکیادا پەروەردە بە زمانی دایک لە دەستووردا قەدەخە کراوە. تورکی تاکە زمانی فەرمیی پەروەردەیە. هەرچەندە لە ساڵی 2012وە بۆ یەکەمین جار لە ماوەی دەسەڵاتی ئاکپارتیدا کوردی وەکو وانەی بژاردە خرایە نێو سیستمی خوێندن لە قۆناخی ناوەندیدا، بەڵام دانەمەزراندنی ژمارەی پێویست لە مامۆستای کوردی و دانانی کۆمەڵێک مەرج بۆ کردنەوەی پۆلی کوردی کۆسپێکی گەورەی بەردەم بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە