لە ئەنقەرە بەهۆی جلی کوردییەوە دژەتیرۆر هەڵدەکوتێتە سەر ئاهەنگێکی کوردی

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی پۆشینی جلی کوردییەوە، پۆلیسی دژەتیرۆری ئەنقەرە هەڵیکوتایە سەر ئاهەنگی بوکگواستنەوەی خێزانی کورد.
 
خێزانێکی کوردی نیشتەجێی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە زەماوەندێکی بوکگواستنەوەدا خۆیان و خزمانیان جلی کوردییان لەبەر کرد و شایی کوردییان کرد. ئاهەنگەکە لە گەڕەکی تورکۆزو لە ناوچەی ماماکی ئەنقەرە بوو. لە گەرمەی ئاهەنگەکەدا تیمەکانی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەنقەرە هەڵیانکوتایە سەر ئاهەنگەکە و رایانگەیاند کە ئەوان سکاڵایان لە دژ تۆمارکراوە. 
 
پۆلیس داوایکرد گرتەی ڤیدیۆیی تەواوی ئاهەنگەکەیان بۆ کۆپی بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە ئاهەنگی بوکگواستنەوەی کوردی ئەنقەرە زۆربەی جار 2 یان 3 شەو دەخایێنێت. 
 
ئیلهان قارامان، خزمی خاوەن ئاهەنگەکە بە میدیاکانی راگەیاند:"ئێمە ماوەی 25 ساڵە لێرەین و لە ئاهەنگەکانیشدا زۆر جار پۆلیس هاتوون، بەڵام هیچ کات پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نەهاتووە. پێشتر زیاتر بەهۆی دەنگ و دەهۆڵ دەهاتن، ئەگەرنا ئێمە خەڵکی هەکارین و بەردەوام بەم شێوازە ئاهەنگ دەگێڕین".
 
خاوەن ئاهەنگەکە بە حەپەسانەوە رایانگەیاند کە بەپێی گوتەی پۆلیسی دژە تیرۆر بەهۆی جلی کوردییەوە سکاڵایان لە دژ تۆمارکراوە. ئەوان دەڵێن ماوەی 25 ساڵە لە ئەنقەرە دەژین و هیچ کات سکاڵایەکی لەمجۆرەیان لەسەر تۆمارنەکراوە. 
 
لە مێژوودا هەم راگوێزانی زۆرەملێی کوردی باکووری کوردستان و هەمیش ئابووری دوو هۆکاری دیارن بۆ هەبوونی کورد لە ئەنقەرە و شارەکانی دیکەی تورکیا. بەپێی چەند سەرچاوەیەک زیاتر لە 150 هەزار کورد لە پارێزگای ئەنقەرە دەژین. ئەمە لەکاتێکدایە ژمارەی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە 5.6 ملیۆن کەسە. کوردی ئەنقەرە زیاتر لە شارۆچکەکانی هایمانا، پۆڵاتلی، باڵا و شەرەفلی کۆچ حیسار دەژین.
 
چەند هۆزێکی کورد لە ئەنقەرە هەن کە دیارترینیان هۆزەکانی رەشوان، شێخ بزێنی، بادیلی، تەرقییانی، میکایلی، یامبەڵقی، کۆیبانی، سەیفانی و ئەتینانین. لە سنووری پارێزگای ئەنقەرەدا زیاتر لە 100 گوندی کوردی هەیە. کوردی ئەنقەرە چ لە گوندەکان چ لە ناو شار، ئاهەنگ و بۆنەکانیان لەسەر شێوازی کوردەواری دەگێڕن.
 
توێژەرێکی فەرەنسی بە ناوی ڤیتاڵ کوینت (Vital Cuinet) لە کتێبێکی کە ساڵی 1894 بەناوی [تورکیای ئاسیا] بڵاوی کردەوە، باسی لەو هۆزە کوردانە کردووە.