نەرویج گەمارۆی فرۆشتنی چەکی لەسەر تورکیا هەڵگرت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی نەرویج رایگەیاند، سەرجەم رێکار و ئابڵوقەکانی سەر تورکیا هەڵدەگرێت لەبارەی فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بەو وڵاتە، کە پێنج ساڵ لەمەوبەر بەسەریدا سەپاندبوو.
 
رۆژی چوارشەممە 11ی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی دەرەوەی نەرویج، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، حکومەتی نەرویج بڕیاری دا رێکارەکانی فرۆشتنی کەلوپەل و پێداویستی سەربازی و بەرگری لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرجەم ئەو رێکارانە هەڵدەگیرێن کە لە ساڵی 2019 لەبارەی فرۆشتنی چەک بەسەر تورکیادا سەپێندران.
 
لەدوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا لە ئۆکتۆبەری 2019 کە ناوچەکانی سەری کانێ و گرێ سپی کۆنترۆڵ کرد، نەرویج بڕیاری دا چەک و تەقەمەنی بە تورکیا نەفرۆشێت.
 
تورکیا پێشوازی لەو هەنگاوەی نەرویج کرد، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا نەرویجییەکەی رایگەیاند، ئەو جۆرە قەدەخەکردنە لە دەرەوەی هەستی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی نەرویجی، فرۆشتنی چەک و کەلوپەلی سەربازی لەلایەن نەرویج بە تورکیا لە ساڵی 2018 و پێش گەمارۆکان، نزیکەی چوار ملیۆن دۆلار بووە و لەدوای ئابڵوقەکان دابەزیوە بۆ نزیکەی ملیۆنێک دۆلار. 
 
سوێد و فینلاندیش هەمان بڕیاریان لەبارەی تورکیا دابوو، بەڵام دوای ئەوەی داواکاریی ئەندامبوونیان پێشکەشی ناتۆ کرد، گەمارۆکانیان لەسەر تورکیا هەڵگرت.