ئاکپارتی بۆ یەکێتی: دۆخی کەرکووک بەخێرایی چاک نەکەنەوە رووبەڕووی کێشە دەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "هەر جۆرە سیاسەتێک کار بۆ پەراوێزخستنی تورکمان بکات هەڵەیە، بەهەمانشێوە سیاسەتکردن بۆ پەراوێزخستنی عەرەب و پارتیش بە هەمان شێوە هەڵەیە".
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی ئابی 2024، عومەر چەلیک، جێگری سەرۆک و گوتەبێژی ئاکپارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک گوتی: "لە سەرەتاوە رامانگەیاندووە لەگەڵ سیاسەتی پەراوێزخستنی هیچ کەس و لایەنێک نین، بەپێچەوانەوە پشتیوانی سیاسەتی لەخۆگرتن و بەشداریپێکردنی هەمووانین. یەکێتی دەیەوێ (ئەمری واقیع) بسەپێنێت. پێمانوایە سیاسەتی پەراوێزخستن و وەدەرنانی تورکمان، عەرەب و پارتی سیاسەتێکی هەڵەیە. ئەم جۆرە سیاسەتە وەک چۆن بۆ هەموو عێراق هەڵەیە، بۆ کەرکووک زۆر هەڵەیە".
 
گوتەبێژی ئاکپارتی راشیگەیاند: "بەردەوام پێداگریمان لەوە کردووە، هەر جۆرە سیاسەتێک کار بۆ پەراوێزخستنی تورکمان بکات هەڵەیە، بەهەمانشێوە سیاسەتکردن بۆ پەراوێزخستنی عەرەب و پارتیش بە هەمان شێوە هەڵەیە. وەک چۆن پێداگری لە زامنکردنی پاراستنی مافەکانی تورکمان دەکەین، هاوکات پێداگری لە پێدانی مافەکانی عەرەب و هەموو لایەنە پەراوێزخراوەکانی دیکەش دەکەینەوە".
 
سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک کە شەوی 10ـی ئاب لە بەغدا کرا، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی دەڵێت: "ئەم جۆرە هەڵبژاردنە پێچەوانەی بنەماکانی هەڵبژاردن و سازانە و ئەمری واقیعی سەپاندووە و تەنیا بۆ لایەنە نزیکەکانی یەکێتیی کراوە کە بووەتە هۆی پەراوێزخستنی تورکمان و گرووپە جیاوازەکانی عەرەب. ئەمە دۆخێکی دروست نییە و مایەی قبووڵکردنیش نییە".
 
بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، شەوی 10ـی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
گوتەبێژی ئاکپارتی داواکارییەک ئاراستەی یەکێتی دەکات و دەڵێت: "پێمانوایە دەبێ خێرا بکرێت بۆ گەڕانەوە بۆ چوارچێوەی سیاسەتی گشتگیر و لەخۆگرتنی هەموو لایەنەکان، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی کێشە و قەیرانی جیاواز دەبنەوە. لە عێراق تەنیا مۆدێلی سیاسەتی گشتگیر و لە ئامێزگرتنی هەموو پێکهاتە و لایەنەکان سەرکەوتووە و دەتوانێت خزمەت بکەن. پێچەوانەی ئەمەش، چەند لایەنێک بە گرتنەبەری سیاسەتی سەپاندنی ئەمری واقیع و هەر هەنگاوێک لەم چوارچێوەیەدا ئەنجامی خراپ و هەڵەی لێدەکەوێتەوە. ئەمە بە کارێکی راست نازانین".