رووداو دیجیتاڵ
درەنگانی شەوی رابردوو لە شارۆچکەی تارسووسی سەر بە پارێزگای مێرسینی تورکیا شەڕ لەنێوان دوو گرووپدا دروستبوو؛ بەهۆیەوە سێ کەس کوژران و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
سەرەتا دەمەقاڵێ لەسەر ئەوە روویدا کە گوایە گرووپێکیان لەلایەن گرووپەکەی دیکەوە رێگەی لێ گیراوە و دواتر دەمەقاڵێکە سەری کێشاوە بۆ شەڕ و بەکارهێنانی چەک.
لە ئەنجامی تەقەکردنەکە سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی ئەمین شاهین، عەبدولڕەحیم و مەتین دەنیزەداڵان لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا؛ پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە.
پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد و هەر شەوی رابردوو کەسێک دەستگیرکرا. گوتە لە چەندین کەسیش وەرگیرا و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
بەگوێرەی ئاماری نافەرمی، ساڵی 2023 لە باکووری کوردستان و تورکیا 3 هەزار و 773 شەڕ و پێکدادان تۆمارکراون و لەو رووداوانەدا 2 هەزار و 318 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3 هەزار و 820 کەسیش بریندار بوون.
ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن، 4 ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو و نزیکەی 36 ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت لە باکووری کوردستان و تورکیادا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ