ئەردۆغان: ئەستەمە پەیوەندیی شێواوی هەندێک لە هاوپەیمانانمان لەگەڵ پەیەدە و یەپەگە قبووڵ بکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، هاریکاریی نێوان ئەندامانی ناتۆ پێویستی بە باشترکردنە و ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەستەمە پەیوەندیی شێواوی هەندێک لە هاوپەیمانانمان لەگەڵ پەیەدە و یەپەگە قبووڵ بکەین."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆتایی لووتکەی ناتۆ، کە لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا بەڕێوەچوو، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی سازکرد و لەبارەی هەندێک بابەت قسەی کرد.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر یەکێکە لەو هەڕەشە سەرەکییانەی ناتۆ دیاری کردوون؛ چاوەڕوانی هاودەنگی لە هاوپەیمانانمان دەکەین. پێمان وایە هاریکاریی لەنێوان هاوپەیمانانی ناتۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێویستی بە بەهێزکردنە." 
 
سەرۆککۆماری تورکیا لە ئاماژەیەکدا بۆ پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، "ئەستەمە ئەو پەیوەندییە شێواوە قبووڵ بکەین کە هەندێک لە هاوپەیمانانمان بەتایبەتی لەگەڵ پەیەدە/یەپەگەی درێژکراوەی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە سووریا دروستی کردووە."
 
ئەمریکا هاوکاری هەسەدە دەکات و وەک هاوبەشێک لە شەڕی دژی داعش سەیری دەکات. 
 
تورکیا دەڵێت، یەپەگەی باڵی چەکداریی پەیەدە بەهێزترین هێزی نێو هەسەدەیە و باڵی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پەکەکەیە و بەو پاساوەش دوو ئۆپەراسیۆنی زەوینی کردووەتەوە سەر رۆژئاوای کوردستان و چەندین جاری دیکەش ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەی بۆردوومان کردووە. 
 
لەبارەی کڕینی فڕۆکەی جەنگی F-16  لە ئەمریکا، ئەردۆغان رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا قسەی کردووە و گوتی "لە 3-4 هەفتەدا ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەم."
 
سەبارەت بە میوانداریکردنی لووتکەی ناتۆ لەلایەن تورکیاوە، ئەردۆغان رایگەیاند، "ئەوە شایەنی ئیستەنبووڵە. لە ساڵی 2025دا لە ئیستەنبووڵ لووتکەکە ئەنجام دەدەین و لەگەڵ ناتۆدا بەیەکەوە سڵاو لە جیهان دەکەین."
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لە دیدارەکانی لووتکەکەدا باسی لە رەوشی غەززە کردووە و گوتی: "لە هەموو دیدارەکاندا سەرنجم لەسەر ئەو دڕندەییە بوو کە لە خاکی داگیرکراوی فەلەستین و بە تایبەت لە غەززە بەردەوامە. حکومەتی نەتەنیاهۆ بەو سیاسەتە پاوانخواز و بێباکانەی پەیڕەوی دەکات نەوەک تەنیا هاووڵاتیانی خۆی، بەڵکو ئاسایشی تەواوی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە."
 
راشیگەیاند، "حکوومەتی ئیسرائیل کە بەها سەرەکییەکانی ھاوپەیمانییەتیەکەمان ژێر پێ دەخات، مەحاڵە پەیوەندییە هاوبەشییەکانی لەگەڵ ناتۆ بەردەوام بێت. تا ئاشتییەکی گشتگیر و بەردەوام لە فەلەستین فەراهەم نەکرێت، هەوڵەکان بۆ هاریکاریی لەگەڵ ئیسرائیل لە ناتۆ لەلایەن تورکیاوە پەسەند ناکرێت."