تێچووی بیناسازی لە ئێران بەڕێژەی 38٪ بۆ 48٪ بەرزبووەتەوە

12-07-2023
.
.
نیشانەکردن ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئێران 10 ملیۆن خێزان خاوەنی خانووی خۆیان نین لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی رێکخراوی ئەندازیارانی بیناسازیی ئێران، ئەمساڵ دروستکردنی خانوو بەراورد بە پار بەڕێژەی 38٪ تاوەکو 48٪ گرانتر بووە.
 
بەگوێرەی ئەو رێکخراوە، دروستکردنی بینایەکی یەک و دوو نهۆم 47٪ پارەی زیاتری دەوێت و باڵەخانەیەکی 16 نهۆمی زیاتر 38.8٪ خەرجی زیاتر هەڵدەگرێت.
 
سەعید سەعادەتمەند، شارەزای بیناسازی باس لەوە دەکات "نرخی کەرەستەکانی بیناسازی پەیڕەوی لە نرخی بازاڕ دەکەن، چونکە بەرهەمهێنەران تێچووی راستەوخۆیان هەیە، لە خەرجی کرێکار، ماددەی خاو، گواستنەوە و شتەکانی دیکەش کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر بەهای کەرەستەی بیناسازی هەیە و بەرهەمهێنانیشیان پەیوەندیی بە گواستنەوە و وزەوە هەیە؛ ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی دەبێت، بۆیە پێشبینی دەکەین ئەمساڵ 40 تاوەکو 50 لەسەد نرخی کەرەستەی بیناسازی گرانتر بێت".
 
گرانبوونی کەرەستەی دروستکردنی خانووبەرە، کێشە بۆ حکومەتیش دروست دەکات، کە بەڵێنی داوە ساڵانە یەک ملیۆن خانووبەرە دروست بکات.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران باسی لەوە کرد "ئەوەی کە باسی یەک ملیۆن خانوو دەکەین، هەم وڵات پێویستیی بەو ژمارەیە هەیە، هەم پرۆژە یاسای پەسندکراوی پەرلەمانە، هەروەها بەڵێنی ئێمەشە، هەوڵ بۆ جێبەجێکردنیشی دەدەین".
 
بەگوتەی بەرپرسان، نزیکەی 10 ملیۆن خێزان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەن کە خانوویان نییە. زۆریشیان چینی کەمداهاتن و بەشی زۆری داهاتیان بۆ کرێ دەچێت.
 
لە دوو ساڵی رابردوودا هەڵاوسانی کەرتی خانووبەرە زۆر زیادی کردووە. بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، ئەگەر کرێکارێک پارەی یەک رۆژیشی خەرج نەکات، لە شوێنێکی وەک تاران لە ماوەی ساڵێکدا دەتوانێت دوو مەتر خانوو بکڕێت.
 
هەڵاوسانی کەرتی خانووبەرە، تەنانەت کاریگەری لەسەر چینەکانی وەک مامۆستایان، پەرستاران و کرێکارانیش داناوە و دابینکردنی خانووبەرەی بۆ ئەوانیش ئەستەم کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە