رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆک و گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەلدا باسی بابەتی قەییومیش کراوە و ئاکپارتی لەمبارەیەوە هەڵوێستی روونە.
ئاکپارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بارەگای سەرەکیی جەهەپە و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە کرد.
عومەر چەلیک، یاریدەدەری سەرۆک و گوتەبێژی ئاکپارتی لەبەردەم بارەگای ئاکپارتیدا کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی سازکرد و، سەردانەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ لەیەکدی نزیکبوونەوە و دروستکردنی زەمینەی دیالۆگ لەسەر بابەتە گشتییەکانی تورکیا.
گوتەبێژی ئاکپارتی لەبارەی قەییوم رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بابەتی قەییوم کراوە و گوتی، سیاسەتی ئاکپارتی لەم بابەتەدا روونە.
هەروەها رایگەیاند "ئەگەر سەرۆکی شارەوانی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە بۆ خزمەتکردنی خەڵک بەکاری بهێنێت، جیاوازیی نییە کە سەر بە چ پارتێکە. ئێمە، وەک دەسەڵات هەڵوێستمان روونە؛ پشتیوانیی ئەو سەرۆک شارەوانییە دەکەین. بەڵام ئەگەر کەسانێک ئەو دەسەڵاتەی لە خەڵک وەریانگرتووە، بۆ پشتیوانیکردنی رێکخراوی تیرۆرستی بەکاریبهێنن، یان دەرگا بۆ کۆمسیارێکی دامەزراو لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستی بکاتەوە بۆ ئەوەی شارەوانییەکە بەڕێوەببات، بێگومان ئەمە قبووڵ ناکرێت."
عومەر چەلیک رەتیکردەوە ئەمە لە دژی هیچ پارتێکی سیاسی بێت و گوتی "بەڵگە بۆ ئەم گوتەیەم، شوێن هەیە سەر بە هەمان پارتی سیاسییە، بەڵام قەییومی بۆ دانەنراوە. بەڵام کاتێک ئەم حاڵەتە دەستنیشان دەکرێت، ئەرکی دەوڵەتە هەنگاوی پێویست بنێت. بەتایبەتی کاتێک لە عێراق و سووریا تابلۆیەکی وەها هەستیار هەیە، نابێت چاوپۆشی لەمانە بکرێت."
چەلیک سوپاسی سەرۆک و سەرکردایەتییی جەهەپەی کرد بەوەی پێشوازییەکی گەرمیان لە شاندەکەی ئاکپارتی کردووە و گوتی "دەبینین کەشوهەوای دیالۆگ لەلایەن کۆمەڵگەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا. هەروەک بەڕێز سەرۆککۆمارمان ئاماژەی پێدا، ئەم سەردانی گەڕانەوەیە بۆ جەهەپە، پەیامێکی گرنگ بوو بۆ زەمینەسازیی دیالۆگ و گفتوگۆی پارتە سیاسییەکان لەبارەی بابەتەکانی وڵات. بەڕێز سەرۆککۆمارمان، سەرۆکی گشتیمان دەڵێت، لە سیاسەتدا لەبری دروستکردنی دوو جەمسەری، پێویستە زەمینەسازی بۆ دیالۆگ بەهێز بکرێت."
لەبارەی درێژەدان بە دیدارەکانی نێوان ئەردۆغان و ئۆزەل، گوتەبێژەکەی ئاکپارتی گوتی "لە دوای سەردانێکی سەرۆکی جەهەپە، ئەمڕۆ سەردانی گەڕانەوە کرا. لەمەودواش هەرکاتێک پێویست بێت، دەرگامان واڵایە. واتا بە دەستەواژەی ئەوان 'ئاساییبوونەوە' و بە دەستەواژەی ئێمە 'نەرمبوونەوە' بەو مانایە دێت کە رکابەریی نێوان پارتە سیاسییەکان هەر لە چوارچێوەی رکابەریی سیاسی بمێنێتەوە."
دوای تێپەڕبوونی 40 رۆژ بەسەر کۆبوونەوەیان لە بارەگای ئاکپارتی، رۆژی سێشەممە 11-6-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەردانی بارەگای جەهەپەی کرد و لەلایەن ئۆزگور ئۆزەل پێشوازی لێکرا. ئەردۆغان و ئۆزەل لە نهۆمی 12ـی بارەگای جەهەپە کۆبوونەوە کە شوێنی تایبەتی سەرۆکی جەهەپەیە. کۆبوونەوەی نێوانیان کاژێرێک و 30 خولەکی خایاند؛ کاژێر 4:00 دەستیپێکرد و کاژێر 5:30 کۆتاییهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ