رووداو دیجیتاڵ
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە دەڵێت، پارتەکەیان پێویستی بە گۆڕانکارییە و نابێت کڵچدارئۆغڵو رێگری لەوە بکات.
شکست لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆککۆماریی تورکیا، گرفتی لەنێو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دروستکردووە. سەرەتا هەریەک لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و تانژو ئۆزجان، سەرۆکی شارەوانیی بۆڵوو بە ئاشکرا داوای گۆڕانکارییان کرد.
ئۆزگور ئۆزەل ئەمڕۆ (دووشەممە، 12-6-2023) بە میدیای نزیک لە جەهەپەی راگەیاند، "سەرۆکی گشتیمان کڵچدارئۆغڵو گرنگە، گۆڕانکارییش پێویستە وەفادارانە بکرێت، هاوکات دەبێت شارەوانییەکان ببەینەوە. ناتوانین ریسکی لەدەستدانی شارەوانییەکان بکەین. ئێمە نابێت بەمجۆرە بەردەوام بین".
ئۆزەل هەروەها رایگەیاند، "ناتوانین وەک بڵێی هیچ نەبووە مامەڵە بکەین. جەهەپە پێویستی بە گۆڕانکارییە و نابێت کڵچدارئۆغڵو لەبەردەم ئەو گۆڕانکارییەدا بووەستێت. بە پۆستی سەرۆکی گشتییەوە، هەرچیەک بکەوێتە سەر شانم، ئامادەم".
یەکەمین زەنگی گۆڕانکاریی نێو پارتی گەلی کۆماری تەنیا رۆژێک دوای شکستەکەی کڵچدارئۆغڵو بەرامبەر ئەردۆغان، لەلایەن ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لێدرا. ئیمامئۆغڵو ئەوکات و لە چەند کاتێکی دیکەشدا گوتوویەتی، گۆڕانکاری بۆ جەهەپە مەرجی سەرەکییە و نابێت بە هەمان پلان و هەمان کار، چاوەڕێی ئەنجامی جیاواز بکەن.
ئیمامئۆغڵو هەروەها پێشنیازی بۆ کڵچدارئۆغڵو کردووە دەستبەرداری کورسیی سەرۆکی گشتیی جەهەپە ببێت و وەکو سەرۆکی شانازی، لەگەڵیاندا بەردەوام بێت.
سەرەڕای ئەو گوشارانە، کەمال کڵچدارئۆغڵو زیاتر بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ وەڵامێکی بۆ ئەو پێشنیازانە نییە.
رۆژی دووشەممە 5-6-2023 بە بڕیاری کڵچدارئۆغڵو، ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی جەهەپە نوێکرایەوە. ژمارەی ئەندامان لە 18 کەسەوە بۆ 15 کەمکرایەوە و تەنیا 5 لە ئەندامەکانی پێشوو مانەوە. ئەمەش رەخنەی بەدواوە هات و بەشێک لە ئەندامانی جەهەپە دەڵێن، کڵچدارئۆغڵو کەسانی نزیک لە خۆی بردووەتە ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردن و دەیەوێ بەمجۆرە پارێزگاری لە کورسییەکەی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ