دڵکورد داوای کردنەوەی بەشی کوردۆلۆژی لە زانکۆکانی تورکیا دەکات

12-05-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەیەکی کوردی لە باکووری کوردستان رەخنە لە کەمیی دامەزراندنی مامۆستای زمانی کوردی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەگرێت، داواش دەکات بەشی کوردۆلۆژی لە زانکۆکانی تورکیا بکرێتەوە.
 
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024 - 2025 لە کۆی 20 هەزار مامۆستا، تەنیا 10 مامۆستای زمانی کوردیی دامەزراندووە. ئەمەش رەخنەی کۆمەڵە و گرووپەکانی زمانی کوردیی بەدوادا هات، لەوانەش کۆمەڵەی دڵکورد DILKURD.
 
کۆمەڵەی دڵکورد DILKURD، کە تایبەتە بە پەروەردە بە زمانی کوردی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە؛ تێیدا رەخنەی تووندی لە وەزارەتی پەروەردە گرتبوو، بە دیاریکردنی تەنیا 10 مامۆستا بۆ زمانی کوردی و میکانیزمی بەڕێوەبردنی پرۆسەی زمانی بژارە لە ناوەندەکانی خوێندن.
 
کۆمەڵەکە داوایکردووە، لە پرسی زمانی بژارەدا مامەڵەی جیاواز لەگەڵ هەردوو شێوەزاری کورمانجی و زازاکی لە چوارچێوەی زمانی کوردیدا بکرێت. داوای کردووە، بەشی کوردۆلۆژی لە زۆربەی زانکۆکانی تورکیا بە گشتیی و باکووری کوردستان بەتایبەتی بکرێتەوە.
 
رۆژی 6ـی ئایاری 2024 کابینەی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە. یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، دامەزراندنی مامۆستایان بوو. 
 
حکومەتی تورکیا لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئایاری هەموو ساڵێک لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایان، بڕیار دەدات. بڕیارەکە بەپێی پێویستی وەزارەتی پەروەردە دەبێت، کە ئەویش لە بودجەی ساڵانەیدا ژمارەی پێویستی مامۆستایان بەپێی پسپۆڕییەکان دەخاتەڕوو.
 
ساڵی رابردووش لە کۆی 45 هەزار مامۆستا کە دامەزرێندران، تەنیا 50 مامۆستایان بۆ زمانی کوردی بوون (35 مامۆستا بۆ شێوەزاری کورمانجی و 15 مامۆستا بۆ شێوەزاری زازاکی).
 
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا یەک ملیۆن و 154 هەزار و 383 مامۆستا هەن، کە تەنیا 149یان مامۆستای زمانی کوردین.
 
ساڵی 2018 سێ مامۆستای زمانی کوردی دامەزران. ساڵی 2019 مامۆستای زمانی کوردی دانەمەزرا. ساڵی 2020 یەک مامۆستا، ساڵی 2021 سێ مامۆستا و ساڵی 2022 سێ مامۆستا.
 
لە ساڵی 2012ـەوە بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی بەهەردوو شێوەزاری کورمانجی و زازاکی لە زانکۆی ئارتوکڵو لە مێردین، زانکۆی ئاڵپئەرسڵان لە مووش، زانکۆی چەولیگ لە چەولیگ، زانکۆی مونزور لە دێرسم و ساڵی 2017یش لە زانکۆی یوزونجوییڵ لە وان؛ کرانەوە. تاوەکو ئێستا هەزار و 603 دەرچوویان هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە