لە ئیزمیر 22 کۆچبەر دەستگیرکران

12-05-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، دەستگیرکردنی 22 کۆچبەری نایاسایی لە کەناراوەکانی شارۆچکەی دیکیلی لە پارێزگای ئیزمیر راگەیاند. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 12ـی ئایاری 2024) تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا بەلەمێکی چووپی لە سنوورە ئاوییەکانی شارۆچکەی دیکیلی لە پارێزگای ئیزمیر بەدیکردووە، کە 22 کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتووە. 
 
کۆچبەرەکان لە دەریای ئیجەوە هەوڵی پەڕینەوەیان دەدا بۆ یۆنان، بەڵام دوای چەند کیلۆمەترێک لە بەڕێکەوتنیان، لەلایەن هێزەکانی جەندرمەوە دەستگیرکران. 
 
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە رەگەزنامەی کۆچبەرەکان بکات، باس لەوە دەکات کۆچبەرەکان دوای پشکنینی تەندروستی بۆیان، رەوانەی ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی پارێزگاکە کران.   
 
دەستگیرکردنی ئەو کۆچبەرانە لەکاتێکدایە؛ رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2023، لە کەناراوەکانی پارێزگای ئیزمیر بەلەمێکی کۆچبەران بەهۆی زریانەوە ژێرئاو کەوت، حەوت کۆچبەر رزگارکران و پێنج کۆچبەریش گیانیان لەدەستدا. 
 
بەپێی ئاماری فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، پار تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان 27 هەزار و 98 کۆچبەریان دەستبەسەر کردووە، 227 قاچاخچییان دەستگیر کردووە و 305 کۆچبەری برینداریشان چارەسەر کردووە. هەروەها  38 کۆچبەر لە کاتی پەڕینەوەدا خنکاون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە