ئەردۆغان رۆژی هەینی سەردانی ئامەد دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان دەکات. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی رۆژی هەینی 14ـی نیسانی 2023 لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای ئامەد بەشداری لە کردنەوەی چەند پڕۆژەیەک و دانانی بەردی بناخەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەکات. 
 
ئەردۆغان لە شارۆچکەی رەزان لە ناوەندی شاری ئامەد بەشداری دەکات لە دانانی بەردی بناخەی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە لەلایەن تۆکی ـیەوە بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە دروستدەکرێن. پڕۆژەکە لە گوندی "ئۆغڵاکڵی" سەر بە شارۆچکەی رەزان دروستدەکرێ کە بە دووری 25 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری ئامەد هەڵکەوتووە. 
 
ئەردۆغان دواتر لە شارۆچکەی باژارانۆ لە ناوەندی شاری ئامەد بەشداری دەکات لە کردنەوەی "مزگەوتی ناوەندی" کە لەلایەن ئیحسان ئارسڵان، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی لە بازنەی ئامەد دروستکراوە. مزگەوتەکە لەسەر رووبەری 28 هەزار مەتر چوارگۆشە دروستکراوە، لە شوێنە داخراوەکانی مزگەوتەکە 10 هەزار کەس و لە شوێنە کراوەکانیدا 20 هەزار کەس دەتوانێت لەخۆبگرێت.  
 
ئەمە دووەمین سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی دەبێت بۆ ئامەد لە ماوەی دوو مانگدا.