رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆتاییەکانی نیسانی ئەم ساڵدا سەردانی عێراق دەکات.
دوای ئەوەی بە سەردانێک گەیشتە بەغدا، ئەحمەد یڵدز، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا بە میدیای دەوڵەتی وڵاتەکەیی راگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆتاییەکانی مانگی نیساندا سەردانی عێراق دەکات. گوتیشی، "دوایین جار کە سەرۆککۆمارمان لە بەغدا بوو، منیش لێرە بووم. ئێستاش کاتی سەردانێکی لەم جۆرە هاتووە و پشتیوان بە خودا لە کۆتایی نیساندا سەرۆککۆمارمان ئەو سەردانە دەکات."
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 13-03-2024 ئەحمەد یڵدز لە بەغدا لەگەڵ چەند بەرپرسێکی عێراقی کۆببێتەوە، باسی لە گرنگیی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانیش کرد و گوتی، "ئەو پرۆژەیە پەیوەندی دروست دەکات و پەیوەندییە ئابوورییەکانیش دەباتە ئاستێکی باڵا. هەردوو وڵات ویستیان بۆ پرۆژەیەکی لەم جۆرە هەیە و لەو باوەڕەداین سوودی زۆری دەبێت."
ئەم گوتەیە لە کاتێكدایە، رۆژی 26-02-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە تایبەت بوو بە عێراق و ئەگەری سەردانیکردن گوتی، "دوای هەڵبژاردن."
چاوەڕێ دەکرێت ئەردۆغان سەردانی بەغدا و هەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوولا کۆببێتەوە. شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و سوپای تورکیا لە باشووری کوردستان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، پەیوەندیی دوولایەنە و پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان لەو مژارە چاوەڕوانکراوانەن کە لە کۆبوونەوەکاندا قسەیان لەسەر دەکرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەو کاتەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی بوو، دوو جار سەردانی عێراق و جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
ئەردۆغان 29-03-2011 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و بەشداریی رێوڕەسمی کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێری كرد.یەکەمین سەرۆکوەزیرانی تورکیایە لە مێژوودا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبێت و لەگەڵ بەرپرسانیدا کۆبووبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ