بەفربارین لە ئیستەنبووڵ زیاتر لە 400 گەشتی ئاسمانی رادەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەفربارین تورکیا و باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت سێ رۆژی بەردەوام بێت و ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لە ناکاوە لە ئیستەنبووڵ باری نائاساییان راگەیاند.پارێزگاری ئیستەنبووڵ داوا لە خەڵکی دەکات "نەچنە دەرەوە".
عەلی یەرلیکایا، پارێزگاری ئیستەنبووڵ دەڵێت "کۆبوونەوەی بەپەلەی ئامادەکاری و راوێژکارییمان لەگەڵ سەرجەم دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئیستەنبووڵ و حکومەت ئەنجامدا بۆ نەهێشتنی مەترسییەکانی شەپۆلی بەفربارینەکە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا بەشێوەیەکی تێروتەسەل دۆخی هەر سێ رۆژی بڕی لە بواری بەفربارین و ئاستی با و پلەی گەرمای پێداین. بۆ پاراستنی گیانی هاوشارانمان و سەقامگیری شارەکەمان، رێکاری پێویست و پلانی ئامادەکارییمان داڕشت".
دەوامی سەرجەم قوتابخانە، فەرمانگە و دامەزراوەکان راگیراوە، جگە لە هێزە ئەمنییەکان و تەندروستی. 418 گەشتیی ئاسمانیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەن و ئیستەنبووڵ هەڵپەسێندراون.
یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکان کە لە کاتی بەفرباریندا لە ئیستەنبووڵ دروستدەبێت رووداوەکانی هاتووچۆی بارهەڵگرەکانە؛ ئەم سێ رۆژە هاتووچۆی بارهەڵگرەکان قەدەخەکراوە. هەروەها هاتووچۆی نێوان هەردوو دیوی ئاسیا و ئیستەنبووڵیش راگیراوە.
پارێزگاری ئیستەنبووڵ دەشڵێت "بەشێوەیەکی بەردەوام 24 هەزار و 610 کارمەندی ئاسایش و جەندرمە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و سەلامەتی شارەکە، 23 هەزار و 516 کارمەندی شارەوانی بە 4 هەزار و 856 ئامێری کارکردن بۆ پاککردنەوەی 713 کیلۆمەتر رێگای سەرەکی و دابەشکردنی 2 هەزار و 620 ئەمبوڵانس بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو لە ئەرکدا دەبن".
یەکەم رێکاری بەرپرسانی ئیستەنبووڵ، رشتنی بەپەلە و خێرای بڕێکی زۆری خوێیە لەسەر شەقامە سەرەکییەکان. هەزاران شۆڤڵ و گرێدەر و بارهەڵگریش 24 کاژێر بێ وەستان لە ئەرکدا دەبن بۆ کردنەوەی رێگەکان.
رۆژی 25ی کانوونی دووەمی ئەمساڵیش، شەپۆلێکی سێ رۆژی بەفربارین ئیستەنبووڵی گرتەوە و ژیانی لەو شارە گەورەیە راگرتووە.