رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ـی گوت: "بۆ ئاشتی و برایەتی، تورکیا پێویستی بە ئێوەیە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی شوباتی 2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، بۆ هەواڵپرسین لە تەندروستیی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی فەرمیی دەم پارتی لەمبارەیەوە رایگەیاند، تونجەر باکرهان بۆ هەواڵپرسین و دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی دەوڵەت باخچەلی، کە هەفتەی رابردوو نەشتەرگەریی دڵی بۆ کرابوو، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواست و سڵاو و رێزی ئەندامان و بەرپرسانی دەم پارتی پێ راگەیاند.
وەک لە راگەیێندراوەکەی دەم پارتی هاتووە، تونجەر باکرهان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە دەوڵەت باخچەلی گوتووە: "بۆ ئاشتی و برایەتی، تورکیا پێویستی بە ئێوەیە."
تاوەکو ئێستا مەهەپە لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی باکرهان - باخچەلی هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردووەتەوە.
شەوی 6ـی شوباتی 2025، نووسینگەی راگەیاندنی مەهەپە لە هەژماری تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، نەشتەرگەریی دەرچەی خوێنبەر و خوێنهێنەری دڵ بۆ دەوڵەت باخچەلی کرا.
نووسینگەکەی رایگەیاندبوو: "نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو. ئێستاش تەندروستیی زۆر باش و جێگیرە. لە نزیکترین کاتدا دوای تەواوکردنی رێکارە پزیشکییەکان، دەگەڕێتەوە سەر کار و ئەرکی رۆژانەی رادەپەڕێنێت."
شەوی 5ـی مانگ، میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی، دەوڵەت باخچەلی تەندروستیی تێکچووە و بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە ئەنقەرە کراوە.
رۆژی 7ـی مانگ، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە تەلەفۆن لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی قسەی کرد و رایگەیاند: "تەندروستی باشە. لەسەر راسپاردەی پزیشکەکانی، پێویستە ماوەیەک پشوو بدات. هیوادارم زوو چاک بێتەوە".
دەوڵەت باخچەلی تەمەن 77 ساڵ لە ساڵی 2023ـدا نەشتەرگەرییەکی دڵی بۆ کرا و ساڵی 2024ـش بەهۆی نەخۆشکەوتنییەوە چەند جارێک لە کۆبوونەوەکان ئامادە نەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ