رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند هاوینی ئەم ساڵ سەنگەرەکانیان لە ناوچەی 'ئۆپەراسیۆنی چنگ' (هەرێمی کوردستان) بەشێکی گرنگ لە سەنگەرەکانیان تووند دەکەن و "رێکاری باشتر" لە دژی پەکەکە دەگرنە بەر.
کۆبوونەوەکەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 12-2-2024، لە کۆشکی کۆماریی تورکیا بە سەرکردایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەچوو. ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان کرد.
ئەردۆغان گوتی: "هاوینی ئەم ساڵ لە ناوچەی 'ئۆپەراسیۆنی چنگ' بەشێکی گرنگی سەنگەرەکانمان قایمتر دەکەین، بەوجۆرەش توانای ئەوەمان دەبێت، زۆر باشتر رێکار بگرینەبەر. لەنێوبردنی تیرۆر بۆ پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانش گرنگە کە لەگەڵ عێراق پلانی جێبەجێکردنیمان داڕشتووە".
بەشێکی گوتەکانی ئەردۆغان تایبەت بوو بە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان. ئەردۆغان گوتی: "تورکیا، بە هەر نرخێک بێت رێگەی دامەزراندنی 'ستان'ی تیرۆر لە سنوورەکانی باشووری نادات. لە هەر کوێیەک ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی ببینین، هەر لەوێ سەریان پان دەکەینەوە. بەردەوامیش دەبین لە لەنێوبردنی ئەو شوێن و ژێرخانانەی بۆ هاوکاریی ئەوان دروستکراون".
رۆژانی 22 و 23ـی کانوونی یەکەمی 2023 گەریلا و سەربازانی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. ئەوکات حکومەتی تورکیا لە 24 کاژێردا کوژرانی 12 سەرباز و برینداربوونی 13ـی دیکەی راگەیاند. بەڵام پەکەکە باسی لە کوژرانی 36 سەربازی تورکیا دەکرد. ئەمە رەخنەی بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بەدواداهات. پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) داوایکرد لیکۆڵینەوە لە سەنگەر و شوینی مانەوەی سەربازانیان لە هەرێمی کوردستان بکرێت. جەختیشیان کردەوە کە ئەمە یەکەمجار نییە سەربازانی تورکیا لەلایەن پەکەکە دەکرێنە ئامانج.
تورکیا بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی 'چنگ- قوفڵ' لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستیپێکرد و تائێستاش شەڕ و پێکدادانی لەگەڵ گەریلا بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ