سوپای نەمسا و دوو رێکخراوی ئەڵمانی کارەکانیان لە هاتای هەڵپەسارد

12-02-2023
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نەمسا بوومەلەرزە هاتای سپۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای نەمسا و دوو ررێخراوی ئەڵمانی، کە چەند رۆژێك بوو، سەرقاڵی کارە مرۆیی ر رزگارکردنی لێقەوماوان بوون لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی شاری هاتای لە تورکیا، کارەکانیان هەڵپەسارد و هۆکارەکەشیان بۆ "بارودۆخی نالەباری ئەمنی" گەڕاندەوە.
 
گوتەبێژی سوپای نەمسا رۆژی شەممە، 11-2-2023، رایگەیاند: "بەهۆی چەند هێرشێک لە نێوان چەند گرووپێکدا لە پارێزگای هاتای، یەکە سەربازییەکەمان کارەکانی راگرت و لە یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی هاتای جێگیر بوون".
 
ئەو گوتەبێژە, هیچ وردەکارییەکی سەبارەت بە هێرشەکە و ئەو گرووپانەی نەدا و تەنیا جەختی کردەوە لە راگرتنی کارە مرۆییەکانیان لە ناوچەکەدا.
 
لە دوای بوومەلەرزەکەی دووشەممە (6-2-2023)، یەکەی سەربازی هاوکارییە مرۆییەکانی سەر بە سوپای نەمسا، 82 سەربازی رەوانەی پارێزگای هاتای کرد.
 
گوتەبێژی سوپاکە گوتیشی: "بڕیاری دەستکردنەوە بە کارەکانمان، بە دەستی سوپای وڵاتە و ئەو بڕیارەش بە بارودۆخی ئەمنی ناوچەکەوە بەستراوەتەوە".
 
لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، یەکە سەربازییەکەی نەمسا بە 45 تۆن کەرەستە و ئامێری تایبەت بە هاوکارییە مرۆییەکان روویان کردووەتە ناوچەی هاتای و توانیویانە تاوەکو ئێستا 9 کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان رزگار بکەن.
 
هاوکات دەستەی هاوکارییە مرۆییەکانی ئەڵمانیا کە کورتکراوەکەی تی ئێس دەبلیوو-وە هەروەها رێکخراوی ئای ئێس ئەی ئاڕ-ی ئەڵمانیش بە هەمان هۆکار، کارەکانیان راگرت.
 
ستیفان هاین، گوتەبێژی رێکخراوی ئای ئێس ئەی ئاڕ رایگەیاند: "دەستەی هاوکارییە مرۆییەکان و رێکخراوی فیدراڵی ئەڵمانیا بڕیاریانداوە کارەکانیان لە تورکیا رابگرن".
 
هاین گوتی: "لە چەند کاژێری کەمی رابردوودا بارودۆخی ئەمنی لە پارێزگای هاتای گۆڕاوە و راپۆرتەکان ئاماژە بە پێکدادانی بەردەوامی نێوان گرووپە چەکدارە جیاجیاکان دەکەن و زۆر جار هێرشی چەکداری قورس دەکەنە سەر یەکدی".
 
گوتیشی: "تیمە مرۆییە ئەڵمانییەکان لە بنکەی سەربازی هاوبەشی هاتای ماونەتەوە و لەگەڵ دڵنیابوونەوە لە هێوربوونەوەی بارودۆخی ئەمنی، دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە".
 
تائێستا بوومەلەرزەکە لە تورکیا و باکووری کوردستان بووەتە هۆی مردنی زیاتر 24 هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە 80 هەزار کەس دیکە، لە کاتێكدا لە سووریا بوومەلەرزەکە بووە هۆی مردنی زیاتر لە 3 هەزار و 553 کەس.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە