لە تورکیا 1723 کۆمپانیا مایەپووچ بوون

رووداو دیجیتاڵ
 
پار لە تورکیا و باکووری کوردستان، هەزار و 723 کۆمپانیا مایەپووچ بوونی خۆیان راگەیاند، بەراورد بە پێرار بە رێژەی 231.98٪ مایەپووچ بوونی کۆمپانیاکان زیادیکردووە. 
 
دامەزراوەی بەدواداچوونی مایەپووچ بوونی کۆمپانیاکان لە تورکیا، راپۆرتی ساڵانەی مایەپووچ بوونی کۆمپانیاکان بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردەوە. پار، لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان هەزار و 723 کۆمپانیا مایەپووچ بوون. ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2023دا لە سێکتەرە جیاوازەکاندا 519 کۆمپانیا مایەپووچ بوونیان راگەیاندبوو. بەمەش رێژەی ئەو کۆمپانیانەی پار مایەپووچ بوون بەراورد بە پێرار گەیشتە 231.98٪. 
 
بەپێی ئاماری دامەزراوەکە، زۆرترین ئەو کۆمپانیانەی مایەپووچ بوون لە بوارەکانی بیناسازی و جلوبەرگ بوون. بەوپێیە 441 کۆمپانیای بیناسازی و 240 کۆمپانیای جلوبەرگ و پۆشاک مایەپووچ بوونی خۆیان راگەیاند. 
 
فیکری کورت، سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازانی رستن و چنینی تورکیا ÖRSAD رایگەیاند، گرنگترین هۆکاری راگەیاندنی مایەپووچ بوونی کۆمپانیا و کارگەکان بۆ هەڵاوسانی بەرز، ناسەقامگیری دۆخی ئابووری، گرانی بەردەوامی خامەکان، بەرز و نزمی بەردەوامی دۆخی لیرە، زیادبوونی بەردەوامی باج، پابەند نەبوونی بەڵێندەران، مەرجە قورسەکانی ژوورە بازرگانیی و پیشەسازییەکان هۆکاری سەرەکین بۆ سەرهەڵدانی ئەم قەیرانانە. 
 
فیکری کورت، باسی لەوەشکرد کۆمپانیا هەیە تەمەنی سەروو 40 ساڵە و براندی زۆر گرنگی تورکیایە، کەچی ئێستا لە لێواری مایەپووچ بووندایە و هەموو هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی لەگەڵ سیستمی ئێستای بەڕێوەبردنی مایەپووچ بوونی کۆمپانیاکان و لەگەڵ بانکەکاندا. 
 
لە تورکیا سیستمی بەڕێوەبردنی مایەپووچ بوونی کۆمپانیاکان konkordato، دامەزراوەیەکی تایبەتە هەر کاتێک کۆمپانیایەک یان کارگەیەک دۆخی دارایی نزیک بێت لە داڕمان و مایەپووچ بوون، داوایەک ئاراستەی دەوڵەت دەکات بۆ هاوکاریکردن و رزگاربوونی لە مایەپووچ بوون لە رێگەی بوون بە هاوبەش یان پێدانی قەرز بە قازانج یاخود هەر جۆرە میکانیزمێکی دیکە کە هەردوولایەن لەسەری رێکدەکەون. لە بەرامبەردا دەوڵەت، کەسێک بە هاوبەشی سەرەکیی دادەمەزرێنێت بۆ رزگارکردنی کۆمپانیاکە لە مایەپووچ بوون.