فیدان: ئەگەر هەسەدە رژدە لەسەر یەکبوون لەگەڵ حکومەتی سووریا، دەبێت خۆی هەڵبووەشێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێک لە سعودیەیە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی تایبەت بە دۆخی سووریا.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی کانوونی دووەمی 2025، لە ریازی سعودیە دەستیپێکرد.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی تورکیا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، رۆژ دوای رۆژ ئاماژەکانی ئاساییبوونەوەی دۆخی سووریا روونتر دەبنەوە و رایگەیاندووە: ''لەم دۆخە هەستیارەدا دەبێت لەنێوان چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو دۆخەی حکومەتی نوێی سووریا دووچاری بووەتەوە، هاوسەنگییەکی ورد دروستبکەین و وەک هێزێکی هاوسەنگ مامەڵەبکەین''.
وەک میدیای فەرمیی تورکیا دەڵێت، هاکان فیدان رایگەیاندووە، دەبێت ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی سووریا وەک پێشینەترین ئامانج بمێنێتەوە و گوتوویەتی: "ئەگەر هەسەدە لە هەوڵەکانی بۆ یەکبوون لەگەڵ حکومەتی نێوەند رژدە، دەبێت هەڵوەشاندنەوەی خۆی رابگەیێنێت''.
هاکان فیدان ئاماژەی بەوەش کردووە: ''بە مەبەستی بەهێزترکردنی تواناکانی حکومەتی نوێ بۆ رووبەڕوونەوەی داعش، دەتوانین پێکەوە کار بکەین. ئێمە وەک تورکیا، بۆ ئاسانکردنی زەحمەتییەکانی بەردەم گەلی سووریا، ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین.''
10ی کانوونی دووەمی 2025، رۆژنامەڤانان لە ئیستەنبووڵ لە هاکان فیدانیان پرسی: ''ئایا ئیدارەی سووریا دەتوانێت ئۆپەراسیۆن بۆسەر یەپەگە بکات؟ ئەگەر ئیدارەی سووریا نەیکات، ئایا تورکیا لەو بارەوە هەنگاو دەنێت؟"، فیدان لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە هەلی ژیانمان لەگەڵ هەڕەشەیەکی وەهادا (یەپەگە) نییە. یان کەسێکی دیکە هەنگاوەکە دەنێت یان ئێمە."
یەپەگەی پێکهێنەری سەرەکی هەسەدە لە لایەن تورکیاوە وەک لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان سەیر دەکرێت.