ئیبراهیم تاتڵیسەس داوا لە ئەردۆغان دەکات خۆی بۆ بوون بە سەرۆککۆمار بەربژێربکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیسەس بەڵێنی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان وەرگرت کە جارێکی دیکەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار خۆی بەربژێر بکاتەوە. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە، 11-1-2025، سەردانی ئامەد و رووهای باکووری کوردستانی کرد و گوتاری پێشکێشکرد. 
 
سەردانەکەی ئەردۆغان لە چوارچێوەی ئامادەکاریی رێکخستنەکانی پارتەکەی بوو بۆ هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی ئاکپارتی.
 
دوای ئەوەی ئەردۆغان لە رووها گوتارەکەی پێشکێشکرد، هونەرمەندی خەڵکی رووها، ئیبراهیم تاتڵیسەس لەسەر کورسیی خاوەن پێداویستیی تایبەت چووە سەر سەکۆ.
 
تاتڵیسەس رووی لە ئەردۆغان کرد و گوتی:"ئێستا تکایەک لە بەڕێز سەرۆککۆمارمان دەکەم. ئێمە تاوەکو مردن لەگەڵ ئێوەین. من تاوەکو دوایین هەناسەم لەگەڵ تۆدام، چونکە دۆستایەتیی تۆ بەڵایە و مرۆڤ دەسووتێنێت. بەڵام شتێک دەڵێم: بۆ قۆناخی داهاتوو ئامادەی پۆستی سەرۆککۆماریین؟ با ئەم بەڵێنەی لێ وەربگرین". 
 
ئەردۆغان لە وەڵامدا گوتی:"ئەگەر تۆ لەگەڵیدا بیت منیش لەگەڵیدام".
 
تاتڵیسەس لە وەڵامدا گوتی: "دەڵێت ئەگەر تۆ لەگەڵیدایت، منیش لەگەڵیدام. من تاوەکو مردن لەگەڵیدام. کەواتە بەڵێنمان لە بەڕێز سەرۆککۆمارمان وەرگرت. لە قۆناخی داهاتوودا دەیکەینە بەربژێری خۆمان بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار".
 
ئەوە لەکاتێکدایە بەربژێربوونەوەی ئەردۆغان لە رووی یاساییەوە مشتومڕی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی لەسەرە، بەجۆرێک پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێن، بەگوێرەی دەستوور مافی ئەوەی نییە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆی بەربژێر بکات. 
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا، تاوەکو ساڵی 2028 هیچ هەڵبژاردنێک ناکرێت، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن گوشاری زۆر دەکات و دەڵێت، دۆخی ئابووریی تورکیا باش نییە و دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت.