ئەردۆغان: دەیانەوێت دەریای سوور بکەنە گۆمێکی خوێناوی

12-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، دەیانەوێت دەریای سوور بکەنە گۆمێکی خوێناوی. 
 
ئەمڕۆ هەینی 12ـی کانوونی دووەمی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای نوێژی هەینی لە ئیستەنبووڵ، بۆ راگەیاندنکاران قسەی کرد و سەبارەت بە هێرشەکانی سەر حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند، "ئەوەی کراوە، بەکارهێنانی هێزی لەڕادەبەدەرە".
 
راشیگەیاند، "ئەو هێرشەی ئەمریکا بەو هێزە لەڕادەبەدەرەی ئەنجامیدا هەمان ئەو هێزە لەڕادەبەدەر و نابەرامبەرەیە ئیسرائیل لە فەلەستین بەکاری دەهێنێت. سەیری ئێران بکەن کە چۆن هەوڵ دەدات خۆی لەو هێزە لەڕادەبەدەرانە بپارێزێت".
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "بەریتانیا لەم بابەتەدا لەگەڵ ئەمریکا هەنگاو دەنێت و پێدەچێت هەنگاوەکانیشی لەگەڵ واشنتن بەردەوام بن. ئەوان هەوڵ دەدەن دەریای سوور بکەنە گۆمێکی خوێناوی. حوسییەکانی یەمەنیش رایانگەیاندووە، هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە ناوچەکەدا و بەردەوامیش دەبن." 
 
کاژێر 2:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 12ـی کانوونی دووەمی 2024 (بە کاتی هەولێر) سوپاى ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاریی ئوسترالیا، کەنەدا، هۆڵەندا و بەحرێن چەند پێگەیەکى حووسییەکانیان لە چوار شارى یەمەن بۆردوومان کرد، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەى حوسییەکان دەیانکەنە سەر کەشتیەکان لەنێو دەریاى سوور. 
 
دوای هێرشەکان، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە فەرمانی ئەو، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانییان "هێرشێکی سەرکەوتوو"یان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی حووسییەکانی یەمەن. 
 
هێزی ئاسمانیی ئەمریکاش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، 60 ئامانجی حوسییەکانیان لە 16 شوێن لە رێگەی 100 مووشەکەوە بۆردوومان کردووە کە سەنتەری سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵکردن، کۆگەی چەک و تەقەمەنی، سیستمی تەقاندنی مووشەک، دامەزراوەکانی دروستکردنی مووشەک، درۆن و سیستمی راداری سەر بە بەرگریی ئاسمانی بوون.
 
لە هێرشەکەی ئەمڕۆدا هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا فڕۆکەی جەنگی و مووشەکی تۆماهۆکیان بەکارهێناوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە