ترەمپ سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بە 'حاکمی ویلایەتی کەنەدا' ناودەبات

رووداو دیجیتاڵ

ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، گاڵتە بە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا دەکات و بە "حاکمی ویلایەتی کەنەدا" ناوی دەبات. 
 
رۆژی سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس کە خۆی خاوەندارێتی دەکات نووسی، "خۆشحاڵ بووم کە ئەو شەوە لەگەڵ جەستن ترودۆ، حاکمی ویلایەتی گەورەی کەنەدا نانی ئێوارەمان بەیەکەوە خوارد."
 
ترەمپ هەروەها گوتیشی، "چاوم لەوەیە دووبارە حاکمی کەنەدا ببینمەوە و دووبارە گفتوگۆیەکی قووڵ لەبارەی پێناسە گومرگییەکان و بازرگانییەکانی نێوانمان بکەین."
 
مارک میڵەر، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی کەنەدا لەبارەی گوتەکانی ترەمپ رایگەیاند، "پێدەچێت ئێمە لە سەردەمی فیلمی South Park دا بژین."
 
فیلمی South Park لە ساڵی 1999 بەرهەمهێندراوە و لە فیلمەکەدا ئەمریکا و کەنەدا دژی یەک شەڕ دەکەن. 
 
ترەمپ کە لە 20ـی کانوونی دووەمەوە بە فەرمیی وەکو سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت، رایگەیاندووە، لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونییەوە، پێناسی گومرکی لەسەر ئەو کاڵایانە زیاد دەکات کە لە مەکسیک، کەنەدا و چینەوە هاوردەی ئەمریکا دەکرێن.
 
پێناسی گومرکی ئەو باجەیە کە حکومەت دەیخاتە سەر ئەو کاڵایانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن.  
 
ترەمپ دەڵێت، هۆکاری زیادکردنی پێناسی گومرکی ئەوەیە؛ ئەو سێ وڵاتە نەیانتوانیوە کۆتایی بە بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەری فێتانیل بۆ نێو ئەمریکا بهێنن.
 
ترەمپ لە ئیدارەی یەکەمیدا سیاسەتی تووندی ئابووری بەرامبەر چین، مەکسیک، کەنەدا و ئەورووپا گرتەبەر.
 
ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا رێککەوتنی بازرگانیی ئازادیان هەیە کە تەمەنی سێ دەیەیە. لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی ترەمپدا دووبارە گفتوگۆی لەسەرکرایەوە و گۆڕانکاریی تێدا کرا، چونکە ترەمپ گلەیی ئەوەی دەکرد، کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا کاردەکەن، زیانمەندی نێو رێککەوتنەکەن.