98 کۆچبەر لە دەریای ئیجە دەستبەسەر دەکرێن

11-12-2022
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، لە شارۆچکەی دیکیلی سەر بە پارێزگای ئیزمیر لە رۆژئاوای تورکیا، 98 کۆچبەر دەستبەسەر کران، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یۆنانەوە ناچار بە گەڕانەوە بۆ سنوورە ئاوییەکانی تورکیا کرابوون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەرەبەیانی رۆژی 10ی کانوونی یەکەمی 2022، راداری گەڕۆکی فەرماندەیی گرووپی مارمارای رۆژئاوای ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا لە کەناراوەکانی دیکیلی و چەشمە، سێ بەلەمی لاستیکی بەدیکرد، کە کۆچبەریان لەسەر بووە.
 
تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان 98 کۆچبەریان لەسەر سێ بەلەمەکە دەستبەسەر کردووە، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یۆنانەوە ناچار بە گەڕانەوە بۆ سنوورە ئاوییەکانی تورکیا کرابوون.
 
دوای تەواوکردنی رێککارە یاساییەکان و تەواوکردنی پشکنینی تەندروستیی پێویست، کۆچبەران رادەستی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی شارۆچکەی چەشمە کران.
 
رۆژی 7ی کانوونی یەکەمی 2022، وەزارەتی بەرگریی تورکیا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، گوایە گەڕاندنەوەی کۆچبەرانە لەلایەن یۆنانەوە لە دەریای ئیجە بۆ سنوورە ئاوییەکانی تورکیا. وەزارەتەکە رایگەیاند، "هێزە دەریاییەکانی یۆنان بەزۆر کۆچبەران دەگەڕێننەوە سنوورە ئاوییەکانی تورکیا و بەلەمەکانیان تێکدەشکێنن و ئەگەر بەلەمەکانیان چووپ بێت، کونی دەکەن."
 
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، ئاماری 10 مانگی ئەمساڵی لەبارەی هەوڵی پەڕینەوەی کۆچبەران لە دەریای ئیجە-وە بۆ یۆنان و وڵاتانی ئەوروپا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەم ماوەیەدا 38 کۆچبەر لە دەریادا خنکاون.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، تیمەکانی فەرماندەییەکە 75 هەزار و 785 جار دەوریەی بەردەوامی گەڕان و دۆزینەوەی کۆچبەرانیان کردووە 27 هەزار و 98 کۆچبەریان لە دەریا و کەناراوەکان دەستبەسەر کردووە، هەروەها 305 کۆچبەری برینداریان چارەسەر کردووە.
 
هەروەها لە هەوڵی پەڕینەوەی کۆچبەراندا 38 کەسیان خنکاون. زۆرترین رووداوی خنکانی کۆچبەران لە مانگی ئەیلوول بووە کە 22 کۆچبەر خنکاون و لە مانگی تشرینی یەکەمدا شەش کۆچبەر خنکاون. ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، پارساڵ 11 کۆچبەر لە دەریا خنکاون.
 
لەبارەی دەستگیرکردنی قاچاخچییەکانەوە، لە 10 مانگی ئەمساڵدا 277 قاچاخچی دەستگیر کراون. ئەمەش لە کاتێکدایە پارساڵ 80 قاچاخچی دەستگیر کرابوون. 
 
رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2022، سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ساڵانی 2020 - 2022دا 69 هەزار و 375 کۆچبەر لەلایەن هێزەکانی یۆنانەوە بەزۆر گەڕێندرانەوە سنوورە ئاوییەکانی تورکیا لە دەریای ئیجە. بەهۆیەوە 170 کۆچبەر لە دەریادا گیانیان لەدەستداوە.
 
سۆیلو راشیگەیاند، بەڵگەی بەزۆر گەڕاندنەوەی کۆچبەرانیان لەلایەن یۆنانەوە پێشکێشی دادگە و دامەزراوە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە