رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، داهاتی گەشتیارییان لە مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوولی ئەم ساڵدا گەیشتووەتە 23 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار.
رۆژی یەکشەممە، 10-11-2024، حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە کۆبووەوە و چەند پرسێک تاوتوێکران؛ داهاتی کەرتی گەشتیاری یەکێک لەوان بوو.
ئەردۆغان گوتی، لە کەرتی گەشتیاریدا پێشکەوتنی بەرچاویان تۆمارکردووە و گوتی، "لە سێیەمین چارەکی ئەم ساڵدا کە مانگەکانی تەممووز، ئاب و تشرینی یەکەم دەگرێتەوە، داهاتی کەرتی گەشتیاری بەراورد بە هەمان ماوەی پار، بە رێژەی 3.9% بەرزبووەتەوە و گەیشتوەتە 23 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار. ئەوەش زۆرترین بڕی داهاتە کە لە چارەکێکدا دەستمانکەوتبێت."
سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە ژمارەی گەشتیاران لە سێیەمین چارەکی ئەم ساڵدا گوتی، ژمارەکە "بەراورد بە هەمان ماوەی پار، بە رێژەی 3.5 بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 23 ملیۆن و 200 گەشتیار."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، لە نۆ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا داهاتی گەشتیاریان گەیشتووەتە 47 ملیار دۆلار و گوتی، "ئامانجمانە تاوەکو کۆتایی 2024 ژمارەی گەشتیار بۆ 61 ملیۆن کەس بەرزبێتەوە و داهاتی گەشتیاریشمان بگەیەنینە 60 ملیار دۆلار."
بەگوێرەی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، لە 9 مانگی سەرەتای پاردا 45 ملیۆن و 230 هەزار گەشتیار چووبوونە باکووری کوردستان و تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ