پارێزگای ئاگری باشترین ناوچەی باکووری کوردستان و تورکیایە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئاگری باکووری کوردستان، لەڕێگەی چەند پرۆژەیەکەوە هەوڵدەدرێت سوود وزەی خۆر وەربگیرێت، بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، پانێڵەکانی تایبەت بە وەرگرتنی تیشکی خۆر لەو ناوچانە دادەنرێن کە بۆ کشتوکاڵ دەستنادەن. 
 
جاهید ئاتڵی، بەرپرسی راوێژکارانی پەیمانگەی وزەی تورکیا لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە رایگەیاند، "لەنێو سەرچاوەی وزە نوێبووەکاندا، پانێڵی وزەی خۆر گونجاوترین، هەرزانترین و تەمەن درێژترینیانە؛ هەروەها دۆستی ژینگەیە و خواستی زۆریشی لەسەرە. لە تورکیا بۆ هەر مەتر دووجایەک 1520 کیلۆوات لە کاژێرێکدا وزەی تیشکی خۆر بەردەست دەبێت، بەڵام لە ئاگری 1571 کیلۆواتە." 
 
پانێڵەکانی تیشکی خۆر زیاتر لەو شوێنانە دادەنرێن کە بۆ کشتوکاڵ دەستنادەن؛ هەربۆیە لەم رێگەیەوە سوود لەو رووبەرە زەویەش وەردەگیرێت.
 
بەرپرسی راوێژکارانی پەیمانگەی وزەی تورکیا دەڵێت، "بەگشتیی لە پارێزگای ئاگری 16 مێگاوات وزەی کۆکراوەی تیشکی خۆر لەم رێگەیەوە دەست دەکەوێت. بەتەواوبوونی ئەو پڕۆژانەی لە جێبەجێکردندان، بڕەکە دەگاتە 23 مێگاوات. ئەوەش 8.2٪ـی کۆی تەزووی کارەبای بەکاربردراوی ئاگری دەکات. پێم وایە لە داهاتوودا دەتوانین ئاستەکە بۆ 15٪ بەرز بکەینەوە."
 
پێویستی پارێزگای ئاگری بۆ کارەبا 280 مێگاواتە؛ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی پشت بە پانێڵەکانی تیشکی خۆر، تۆڕبایینی با، تەزووی سێ بەنداو و کارەبای نیشتمانی دەبەستێت.