رووداو – هەولێر
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان- هەدەپ دەڵێت، چی دیکە تورکیا بێ کورد گەشە ناکات.
شەوی رابردوو، عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هەدەپ لە بازنەی رووهای باکووری کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەمانی تورکیادا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، تاوەکو ساڵی 2014، نوێنەرانی پارتی یەکێتیی دیموکراسی- پەیەدە لەسەر فەرشی سوور پێشوازییان لێدەکرا، بەڵام دوای ئەوەی بە گوێرەی سیاسەتی تورکیا هەنگاویان نەنا، ئیدی نەک تەنیا پێشوازیکردن لێیان نەما، بەڵکو دامەزراوەکانی ژێر دەسەڵاتیان دەکرێنە ئامانج.
عومەر ئۆجەلان رەخنەی لە سوپای تورکیا گرت کە لە بۆردوومانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا لە رۆژئاوای کوردستان تەنانەت نەخۆشخانە، وێستگەکانی دابینکردنی سووتەمەنی و کارەبا و شوێنی سڤیل دەکاتە ئامانج و گوتی، "ئەوە لە کاتێکدایە، تورکیا لە کەشێکی دیموکراسیدا و ئەگەر لەگەڵ کورد کاری بکردایە، دەبووە سەرکەوتووترین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
پەرلەمانتارەکەی هەدەپ باس لەوە دەکات، هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ گۆڕینی هەڵوێست و دەشڵێت، "ئیدی تورکیا بێ کورد، گەورە و گەشەسەندوو نابێت. ئیدی کوردیش هۆشیاریی سیاسی هەیە. ئیدی کورد پێداگری لە زمانی دایک دەکات؛ کورد دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی هەبێت؛ کورد دەیەوێت سیستمێکی نوێ دابڕێژرێت".
عومەر ئۆجەلان باسی لە هەوڵەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی پڕۆسەی چارەسەرییدا کرد و گوتی، "ئەگەر سەرۆککۆمار ئەو کێشەیەی چارەسەرکردبا، رەنگە ئەمڕۆ لە پێگەی دووەم دامەزرێنەری تورکیادا بووایە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و نەیتوانی. لە 2015ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ، تورکیا چەند ملیم بەرەوپێش چووە؟"
پڕۆسەی چارەسەری لە ساڵی 2013 دەستی پێکرد، ئەو کاتە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو. پڕۆسەکە لە هاوینی ساڵی 2015دا شکستی هێنا و ئیدی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە دەستی پێکردووە.
شکستی ئەو پڕۆسەیە کاریگەری لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستانیش هەبووە. لە ساڵانی 2018 و 2019دا سوپای تورکیا هێرشیکردە سەر هەرێمی عەفرین و ناوچەی سەرێ کانی و گرێ سپی، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی پەیەدە باڵی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پەکەکەیە.
عومەر ئۆجەلان گوتیشی، "سەرۆککۆمار نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتە دەست و دەڵێت لە سنوورەکانی باشووری رۆژئاوا، کوردەکان 30 کم دوور دەخەینەوە. هەموو جیهان بە نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە نایبینن کە راگواستنی زۆرەملێ دەکرێت و دیوارێکی کۆنکرێتیان لەنێوان کوردەکاندا دروستکردووە و ئامانجیان جیاکردنەوەی کوردە. پێویستە دەستبەجێ واز لەم سیاسەتە بهێنن. دەبێ کۆتایی بەم جەنگە بهێنن".
رۆژی 15ـی تشرینی یەکەمی 2023، پارتی چەپی سەوزی تورکیا – یەسەپە، لە چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆیدا ناوی بۆ پارتی دیموکرات و یەکسانی (هەدەپ) گۆڕی و رۆژی 20ـی تشرینی یەکەم، ناوی فراکسیۆنەکەشی بۆ فراکسیۆنی هەدەپ گۆڕی و بەمەش بووە نوێترین فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیا. لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری تورکیادا 4 ملیۆن و 803 هەزار و 737 دەنگیان بەدەستهێنا و خاوەن 57 کورسییە.
دەقی قسەکانی عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری رووها-ی هەدەپ:
لەم وڵاتەدا تاساڵی 2014، نوێنەرانی پەیەدە لەسەر فەرشی سوور پێشوازییان لێدەکرا. تاساڵی 2014، ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە چەندینجار سەردانی ئەم وڵاتەی کرد و لە چەندین وەزارەت و دامەزراوەی فەرمیی ئەم وڵاتەدا کۆبوونەوە و دیداری ئەنجامدا. ئێستا چی روویدا؟ ئەو کوردانەی بەپێی سیاسەتی تورکیا کاریان نەکرد و ئەو کوردانەی دژی رژێم نەجەنگان و ئەو کوردانەی لەگەڵ داعش رێکنەکەوتن، رۆژانە بۆردوومان دەکرێن. کوێ بۆردوومان دەکرێت؟ نەخۆشخانە، ناوەندەکانی وزە و یەکە نیشتەجێبووەکانی سڤیل بۆردوومان دەکرێن. ئەمە لە کاتێکدا دەبوو تورکیا لە کەشێکی دیموکراسی و یەکگرتووییدا لەگەڵ کورد کاری بکردایە، ئەو کاتە دەبووە سەرکەوتووترین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. تورکیا بێ کورد، گەورە و گەشەسەندوو نابێت، چونکە ئیدی کوردەکانیش هۆشیاریی سیاسییان هەیە. ئیدی کوردەکان پێداگری لە زمانی دایک دەکەن؛ کورد دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی هەبێت؛ کورد دەیەوێت سیستمێکی نوێ دابڕێژرێت، بەڵام لە ساڵی 2016ـەوە سەرباری بوونی پاشماوەی دیموکراسییەکی لەرزیوو، مافی هەڵبژاردن و خۆبەربژێرکردنیان لە کورد زەوت کرد. ئەو مافە رەوایەتان لە ملیۆنان کورد سەند، ئەگەر سەرۆککۆمار ئەم کێشەی چارەسەرکردبا، رەنگە ئەمڕۆ لە پێگەی دووەم دامەزرێنەری تورکیا بووایە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، نەیتوانی. لە 2015ـەوە، تورکیا چەند ملیم بەرەوپێش چووە؟ سەرۆککۆمار نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتە دەست و دەڵێت، لە سنوورەکانی باشوور رۆژئاوا، کوردەکان 30 کیلۆمەتر دوور دەخەینەوە. هەموو جیهان بە نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە نایبینن کە راگواستنی زۆرەملێ دەکرێت و دیوارێکی کۆنکرێتیان لەنێوان کورددا دروستکردووە و ئامانجیان جیاکردنەوەی کوردانە. پێویستە دەستبەجێ واز لەم سیاسەتە بهێنن و دەبێ کۆتایی بەم جەنگە بهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ