وەزیری ناوخۆی تورکیا: دەستبەسەر 4.5 تۆن مادەی هۆشبەردا گیرا

11-11-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، 4.5 تۆن مادەی هۆشبەر لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیدا دەستی بەسەرداگیراوە. 
 
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2023، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، هێزەکانی سەر بە وەزارەتەکەی ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان لە 15 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بۆ دەستبەسەرداگرتن بەسەر مادەی هۆشبەر و دەستگیرکردنی بەکارهێنەران و بازرگانانیدا ئەنجامداوە.
 
وەک وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەست بەسەر 4.5 تۆن مادەی هۆشبەردا گیراوە و 199 کەسیشیان دەستگیر کردووە. 
 
یەرلیکایا باسی لەوەکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە لە پارێزگاکانی ئامەد، دیلۆک، مەرەش، رووها و ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان و ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، ئەدیرنە، سینۆپ، ئایدن، کرکلارئێلی، دەنیزلی، عوسمانییە، بوڕسا و بۆڵوی تورکیا ئەنجامدراوە. 
 
بە گوێرەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لەو ئۆپەراسیۆنەدا 56 کگم کۆکاین، 1.5 کگم ئیرۆیین، 64 هەزار و 800 دانە حەبی کیپتاگۆن، 806 هەزار بنەڕەگی خەشخاش، 659 کگم سکونک، 886 کگم مێتافیتامین، 3.5 تۆن حەشیش، 16 دەمانچە، چوار کلاشنکۆف و بڕێکی زۆر پارە دەستی بەسەرداگیراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە