گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر عەفرین دەکەن
رووداو - ئیستەنبوڵ
گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئەوانەی تورکیا پاڵپشتییان دەکات، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هەرێمی عەفرین دەکەن لە رۆژئاوای کوردستان. بەگوێرەی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەکیش ئەو گرووپانە هەزار و 500 چەکداریان بۆ ئەو هێرشە ئامادەکردووە.
سەرەڕای ئەو هەڕەشانە بەڵام هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رەتیدەکاتەوە هیچ نیاز و پلانێک هەبێت بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین، ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە دەڵێن: "هێرش ناکرێتە سەر عەفرین و ئەوان پاڵپشتی لەو جۆرە کارانە ناکەن".
هاوکات ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کە بەشێکی گرنگە لە هاوپەیمانێتییەکەدا، بەتووندی دژی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر عەفرین دەوەستێتەوە.
شەلال گەدۆ، نوێنەری ئەنەکەسە لە هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە رووداوی راگەیاند: "هیچ زانیارییەکی لەوجۆرەمان لەنێو سووریا پێنەگەیشتووە، بەڵام ئەگەر لەدەرەوە هەر هێرشێکی چەکداری بکرێتە سەر هەرێمە کوردییەکان، بێگومان ئێمە وەک ئەنەکەسە و لایەنە کوردییەکان دژی دەوەستینەوە و سەرکۆنەی دەکەین، ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆئەوەی هیچ هێرشێک نەکرێتە سەر عەفرین".