ئەحمەد تورک: دەستوورێکی دیموکراسیمان پێویستە

دوێنێ کاژێر 08:55
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردینی باکووری کوردستان دەڵێت، کۆمەڵگە پێویستی بە دەستوورێکی دیموکراسییە کە تێیدا مافی گەلانی تورکیا پارێزراو بێت.
 
ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی ناسراوی کورد و سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای تورکیا تیشکی خستە سەر هەندێک پرسی نێوخۆی تورکیا، هەوڵەکانی تایبەت بە هەموارکردنەوەی دەستوور، ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری و چەندین پرسی دیکەی تایبەت بە کورد.
 
ئەحمەد تورک لەبارەی تەوقەکردنی چەند رۆژێک لەمەوبەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەگەڵ هاوسەرۆکان و بەشێک لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی رایگەیاند، "پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەین. ئەو هەڵوێستە بەرز دەنرخێنین و باشترە لەوەی هزرێکی تووند هەبێت کە نکۆڵی لە کورد و مافەکانی بکات. کورد گەلە. بەبێ (چارەسەری دۆزی) کورد، هیچ پرسێک چارەسەر ناکرێت. ئاگرێکی مەترسیداریش رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتەوە."
 
رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2024، دوای کۆتاییهاتنی یەکەمین دانیشتنی وەرزی دووەمی 28مین خولی پەرلەمانی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکان و بەشێک لە ئەندامانی دەم پارتی کرد. باخچەلی لە دەرەوەی پەرلەمانیش بە رۆژنامەڤانی راگەیاند، "داوایان لێدەکەم ببنە پارتێکی تورکیا و سنوورێک لەنێوان خۆیان و تیرۆر دابنێن." 
 
هەو لەو بارەیەوە ئەحمەد تورک رایگەیاند، "ئێمە پارتێکی تورکیایی بووین. ئەگەر وا نەبووایە، چیمان لەنێو پەرلەمان و بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان دەکرد! کاتێک دەڵێین تورکیا، واتە فرەڕەنگی و فرەدەنگی و فرە زمانی. 33 ساڵە لەنێو سیاسەتدام. هەمیشە دروشمی برایەتیی گەلانمان بەرزکردووەتەوە."
 
ئەحمەد تورک گوتیشی، "گرنگە دەستوورێکی دیموکراسی بۆ وڵات دابڕێژرێت؛ دەستوورێک ئاشتی و خۆشگوزەرانی بەدی بێنێت. پێویستە کۆمەڵگە و میدیا بۆ ئەم بابەتە ئامادە بکرێن. پێویستە متمانە هەبێت بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە تێپەڕێت. بۆ کورد هەر وشەیەک، هەر دەستەواژەیەک گرنگ و مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە. بۆیە لە هەمووان زیاتر ئێمە بایەخ بەم هەنگاوە دەدەین."
 
ئاکپارتی پێش هەڵبژاردنی ئایاری 2023 پرۆژەی داڕشتنەوەی دەستووری تورکیای خستە رۆژەڤ و تاوەکو ئێستاش بەرپرسانی ئەو پارتە لەو بارەیەوە قسە دەکەن و پێیان وایە دەبێت تورکیا ببێتە خاوەن دەستوورێکی نوێ.
 
لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، ئەحمەد تورک رایگەیاند، "هێشتا زووە باس لەو قۆناخە بکەین. گوتاری تاکەکەسی گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە سیاسەتێک هەبێت کە کۆمەڵگە لە باوەش بگرێت. گرنگە کەس و لایەنێک بەسەر کەس و لایەنی دیکەدا نەسەپێندرێت. گرنگە رێز لە بیروبۆچوونە جیاوازەکان بگیرێت و تووندوتیژی نەمێنێت."
 
پرۆسەی چارەسەری لە  ساڵی 2012 بە دەستپێشخەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی تورکیا دەستیپێکرد. لە 2013دا حکومەتی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەللان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمرالی دانوستاندنی کرد. لەو چوارچێوەیەدا کرانەوەیەکی زۆر دەبینرا. بەڵام لە 2015دا پرۆسەکە شکستی هێنا و شەڕ دەستی پێکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە