رووداو - هەولێر
بەڕێوبەری کشتوکاڵی پارێزگای زیقار دەڵێت، لە شەش مانگی رابردوودا، نزیکەی هەزار و 200 خێزانی عێراقی لە ناوچە زۆنگاوەکانی باشووری عێراق بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاوارە بوون.
زۆنگاوەکانی میزۆپۆتامیا لە باشووری عێراق، لە لیستی کولتووریی یونیسکۆدا تۆمارکراون؛ بەهۆی کەمبارانی و دروستکردنی بەنداو لەسەر رووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە لەلایەن ئێران و تورکیاوە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و ئاوی رووبارەکان.
رۆژی دووشەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2022 ساڵح هادی، بەڕێوبەری کشتوکاڵی پارێزگای زیقار بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: "نزیکەی هەزار و 200 خێزان کە لە ناوچە زۆنگاوەکان و ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکە خاوەندارێتیی گامێش و کێڵگەی کشتوکاڵی دەکەن، بەهۆی کەمیی ئاوەوە ئاوارەبوون".
ساڵح هادی دەڵێت، کۆچکردنەکە لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە. باس لەوەش دەکات کە لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو ئەوکات، لانیکەم دوو هەزار گامێش لەنێوچوون.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی زیقار دەشڵێت، نیوەی خێزانەکان روویان لەو ناوچانەی باکووری ناسریەی نێوەندی پارێزگای زیقار کردووە کە رووباریان لێوە نزیکە. گوتیشی کە نیوەکەی دیکەش چوونەتە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق وەکو بابل، کوت، کەربەلا و بەسرا.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی زیقار، بە تایبەت زۆنگاوەکانی جباییش لە زیقار کە گەورەترین زۆنگاوی پارێزگاکەن و گوندەکانی مەنار لە زۆنگاوەکانی هەممار بەر وشکەساڵیی تووند کەوتوون، بەڵام دەشڵێت خێزانەکان ناوچەکانی سەعید دەخیل، سوق شیوخ و ئیسڵاحیشیان جێهێشتووە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە مانگی رابردوو، مەهدی رەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی کە ساڵی 2022 بووەتە یەکێک لە وشکترین ساڵەکانی عێراق لە ساڵی 1930ـەوە و ئاماژەی بە "سێ ساڵی لەسەریەکی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکان" دا.
نەتەوەیەکگرتووەکانیش دەڵێت، عێراق پێنجەم وڵاتە کە کەوتووەتە بەر کاریگەریی تووندی گۆڕانەکانی کەشوهەواوە، لەنێویدا، ژێرخانی ئاوەکەی کەمبووەتەوە و رووبەڕووی بەبیابانبوون بووەتەوە.
لە مانگی تەممووزیشدا، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە "ئاستی کەمی لەپێشینە نەهاتووی ئاو" لە زۆنگاوەکاندا. گوتیشی کە یەکێک لە ناوچە هەرە هەژارەکانی عێراقن و زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان بەرکەوتووە.
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەشکرد کە "کاریگەرییەکی کارەساتبار" بووەتە هۆی سەروو شەش هەزار خێزان کە لەو ناوچانە دەژین گامێشەکانیان لەدەستبدەن، کە وەکو خۆی دەڵێت تاکە بژێوی ژیانی ئەوانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ