ئینستاگرام لە تورکیا کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا کرانەوەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامی لە وڵاتەکەی راگەیاند.
دوای ئەوەی لە رۆژی 2ـی مانگەوە بلۆکی کردبوو، شەوی رابردوو حکومەتی تورکیا تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامی کردەوە.
عەبدولقادر ئورالئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا شەوی رابردوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە رایگەیاند، تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام لە وڵاتەکەیدا کراوەتەوە.
لە رۆژی 2ی مانگەوە ئینستاگرام لەلایەن دامەزراوەی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری (BTK)ـی تورکیاوە بلۆککرابوو.
دوای ئەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە شوێنی مانەوەی لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا، بانگەشەی ئەوە کرا ئینستاگرام پۆستەکانی سەبارەت بە هەنییە سڕیونەتەوە.
تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام پلاتفۆرمێکە بۆ بڵاوکردەوەی وێنە و ڤیدیۆ کە ساڵی 2010 کارا کراوە. ئینستاگرام لە جیهاندا نزیکەی 2 ملیار بەکارهێنەری هەیە؛ لە تورکیاشدا 57 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە.