ئەردۆغان پێشوازیی لە کوڕەکانی ئیسماعیل هەنییە کرد
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازیی لە کوڕەکانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس کرد.
هەریەک لە عەبدولسەلام و هەممام؛ کوڕەکانی ئیسماعیل هەنییە، ئێوارەی رۆژی شەممە 10-8-2024 لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازییان لێکرا.
ئەردۆغان دوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمێکی کردنەوە، گەیشتە ئیستەنبووڵ. لە دیدارێکدا چاوی بە کوڕەکانی ئیسماعیل هەنییە کەوت و سەرەخۆشیی ئاراستەکردن بەهۆی کوژرانی باوکیان لە تارانی پایتەختی ئێران. لە کاتی پێشوازییەکەدا ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی هەواڵگری (MIT) و سەفەر توران، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیاش بەشداربوون.
بەرەبەیانی رۆژی 31-7-2024 ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا. ئەو بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو.
رۆژی رووداوەکە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کوژرانی ئیسماعیل هەنییەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند "کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران لە هێرشێکی چەپەڵانەدا سەرکۆنە دەکەین. ئەوان لەپێناوی ئەوەی لە ماڵ و نیشتمانیان و لە ژێر بنمیچی دەوڵەتیاندا بە ئارامی بژین، سەتان هەزار شەهیدی وەکو هەنییەیان داوە. حکومەتەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە نیشانیدایەوە کە ویستی ئاشتی نییە."