ئەردۆغان پێشوازیی لە کوڕەکانی ئیسماعیل هەنییە کرد

11-08-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازیی لە کوڕەکانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس کرد.
 
هەریەک لە عەبدولسەلام و هەممام؛ کوڕەکانی ئیسماعیل هەنییە، ئێوارەی رۆژی شەممە 10-8-2024 لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازییان لێکرا.
 
ئەردۆغان دوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمێکی کردنەوە، گەیشتە ئیستەنبووڵ. لە دیدارێکدا چاوی بە کوڕەکانی ئیسماعیل هەنییە کەوت و سەرەخۆشیی ئاراستەکردن بەهۆی کوژرانی باوکیان لە تارانی پایتەختی ئێران. لە کاتی پێشوازییەکەدا ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی هەواڵگری (MIT) و سەفەر توران، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیاش بەشداربوون.
 
بەرەبەیانی رۆژی 31-7-2024 ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا.  ئەو بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو.
 
 رۆژی رووداوەکە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کوژرانی ئیسماعیل هەنییەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند "کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران لە هێرشێکی چەپەڵانەدا سەرکۆنە دەکەین. ئەوان لەپێناوی ئەوەی لە ماڵ و نیشتمانیان و لە ژێر بنمیچی دەوڵەتیاندا بە ئارامی بژین، سەتان هەزار شەهیدی وەکو هەنییەیان داوە. حکومەتەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە نیشانیدایەوە کە ویستی ئاشتی نییە." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە